قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و تۆماس سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان کرا
جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئەم جەنگە کاریگەریی خراپی بۆ سەر هەموو ناوچەکە و بە تایبەتیش عیراق و کوردستان هەبووە، بەڵام هەموو هەوڵی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بۆ ئەوە بووە هەرێمی کوردستان و عیراق پارێزراوبن و بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، لەم دۆخەدا هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی حکومەت بە کارایی و بەهێزی بمێننەوە و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی کوردستان.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە پێویستی زانی ئەوەش روونبکاتەوە، لەم دۆخە سەختەدا پێویستە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانیش بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن و رەچاوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەر و ماڵی هاووڵاتییان بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە بابەتێک کە خەڵک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان هەردوولادا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.