لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکردن لەبارەی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتیان لە ھەرێم و بەتایبەت لەسنوری سلێمانیدا، جەختکرایەوە  لەسەر پێویستی گرنگیدانی زیاتر بە جێبەجێکردنی داواکانیان بدرێت و ھەوڵی جدی بنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.

ئاماژە بەوەش درا ، کە پێویستە بەدواداچوون بکرێت بۆ سەرجەم سێکتەرەکان و وەک سەرکردایەتی یەکێتی-سلێمانی بەراوێژ و دیراسەکردن باشترین بژاردە و چارەسەر بۆ پرس و کێشە جیاجیاکان بدۆزرێتەوە، تا بە یەک تیم کاری لەسەر بکەن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەوە دووپاتکرایەوە کە پێویستە گفتوگۆی بنیاتنەرانە بکرێتە بنەمای سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، لەم ڕووەوە بەگرنگ زانرا پەرە بە ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدرێت.

پۆستی سەرۆک کۆمار، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو، لەم ڕووەوە بژاردەکانی پەیوەست بەو پرسە گفتوگۆی لەسەرکرا و ئەوە دووپاتکرایەوە کە دەبێت ھەوڵەکانی یەکێتی بەردەوام بێت و ھەنگاوی پێویست و جدی بگیرێتەبەر، چونکە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.