دەزگای لوتکە ئاگادارییەک بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی ھەرێم و عێراق بڵاودەکاتەوە
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
دەزگای لوتکە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ڕووداوی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمێکی چوپ لە ڕۆژی ٢٤ی مانگی ڕابردوو لە کەناڵی ئاوی ئینگلیزدا نزیکەی ٣٠ کۆچبەری نایاسایی بوون بە قوربانی و لەو ڕووداوەدا تەرمی ٢٧ کۆچبەر لەلایەن ھێزی دەریاوانی فەڕەنسی دۆزراوەتەوە.
بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لەو ڕووداوەدا بوون، لەلایەن پزیشکی دادی لیل و پۆلیسی کاڵاس و دەزگای لوتکە سامپڵی کەسوکاری ١٩ کۆچبەری کورد وەرگیراون.
لە ئێستادا دەزگای لوتکە و پزیشکی دادی لیل ئاگادار ھەر ھاوڵاتییەکی کورد و عێراقی دەکات کە گومانی ھەیە کەسوکار و ڕۆڵەکانیان لەو ڕووداوەدا بێت، بە زووترین کات پەیوەندی بکەن بە دەزگای لوتکەوە بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان.


