پلەکانی گەرما لە هەرێم روو لە نزمبوونەوە دەکەن و لە هەندێک ناوچەش شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرایکرد، لە بەیانییەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لاوازی بەرزەپەستانی دەریای سور، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و تا کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو جیاوازیی نزمبوونەوەکە شەش بۆ هەشت پلەی سیلیزی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کاریگەریی بەرزەپەستانی دەریای سپیی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتا ئاسمانی سنوری پارێزگای دهۆک دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.
کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی پێنجشەممەوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە زیاتر دەبێت و سەرەتای بارانبارین لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، دواتر بە ڕێژەیەکی کەمتەر پەڵەباران لە سنوری پارێزگای هەولێر و بە شێوەیەکی لاوازتریش سنوری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت:
پارێزگای دهۆک: (2 - 3) ملم
پارێزگای هەولێر: (1 - 2) ملم
پارێزگای سلێمانی: (0.5 - 1) ملم