وەزیری گەنجینەی ئەمریكا جەختلەوەدەكاتەوە وەفدیان رەوانەی وڵاتانی جیاوازی جیهان كردووە بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتەكان و داواكردنی گرتنەبەری رێكاری توندی ئابوری بەرانبەر ئێران.
سكۆت بێسێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بەیانی ئەمرۆ جەختی كردەوە، واشنتۆن بەردەوامە لە زیاتركردنی فشارەكان بۆ سەر ئێران لە رێگەی بەئامانجگرتنی سێكتەرەكانی دارایی و فڕۆكەوانی.
راشیگەیاند، بە فەرمانی ئیدارەی ئەمریكا، وەفدیان رەوانەی وڵاتانی جیاوازی جیهان كردووە بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتەكان و داواكردنی گرتنەبەری رێكاری توند بەرانبەر ئێران، وتیشی، ئەم هەوڵانە ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.
روونیشی كردەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی فشاری ئابوری ئێران وەزارەتی گەنجینە ڕێكاری دارایی توندی دژی بانكەكان و كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی فڕۆكەوانی سەپاندووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە وڵاتان گەشتەكانی كۆمپانیای ماهان ئەیڕیان راگەیاندووە، لەوانە توركیا و ئیمارات
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا دەشڵێت، سەركردایەتیی ئێران دانیناوه بە كاریگەرییە ئابوورییە سەختەكانی جەنگدا، بەتایبەت لەگەڵ دابەزینی بەهای ریاڵی ئێرانی بۆ ئاستێكی پێوانەیی نزم، وتیشی بەردەوام دەبین لە كاركردن، چونكە هێشتا كاری زیاتر ماوە بیكەن.