وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمین جار لەم ساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە دەستنیشانکرا.
دەقی راگەیەنراوەکە...
دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری هەولێر تۆمارکرا، کە بریتیە لە باوک و کوڕ تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵ لەهەمان خێزان، دانشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر، بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ لە دوو هەفتەی ڕابردوو و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانیان، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە.
داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی،
لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها دوو حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان ...
وەزارەتی تەندروستی
17 حوزەیران 2026