قائیمقامییەتی سلێمانی: مانگی رابردوو تەنها پێنج شوێنکار داخراون
سام
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لیژنەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی هەشتیان بڵاوکردەوە و تەنها پێنج شوێنکار داخراون.
قائیمقامییەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی سەبارەت بە کار و چالاکییەکی مانگی هەشت بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "مانگی رابردوو لە سلێمانی نزیکی 36 تۆن خۆراک و کەرەستەی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراوەو پێنج شوێنی کارکردنیش داخراون."
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "شەش هەزارو 149 سەردانیان لە سنوری شاری سلێمانی بۆ بازاڕ و شوێنە گشتیەکانی ئەنجامیانداوە و پسوڵەی سەرپێچیان بۆ 390 شوێنکار کردووە، هاوکات 216 حاڵەتی ئاگادارکردنەوە هەبووە".
"لەم مانگەدا شەش حاڵەتی دادگا تۆمارکراوەو هەشت شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، ئەو شوێنانەشی کە رووبەڕووی داخستن بوونەتەوە بەهۆی دووبارە ئەنجامدانی سەرپێچی و پابەندنەبوونیان بووە، بەو رێنمایانەی کە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە پێیان درابوون، هەروەها هەر لە مانگی رابردوودا 50 ملیۆن دینار سزای دارایی ئەو شوێنکارانە دراوە کە پابەندی رێنماییەکانی نەبوون"، قائیمقامییەتی سلێمانی وادەڵێت.