نوێترین زانیاریی لەبارەی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم
هەساو ئەمیر
٥ی ئایاری ٢٠٢٥
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نوێترین زانیاری سەبارەت بە موچەی مانگی چوار خستەڕوو و باس لەوەدەکات، گرفتی دواکەوتنی موچە بەهۆی نەبوونی پارەی کاشەوە هەیە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە نییە و هیچ قەیرانێکی دارایی لە عیراقدا نییە.
وتیشی، دابەشکردنی موچە لە بەشێکی دامودەزگاکانی عیراقیشدا دواکەوتووە و گرفتەکەش تەنها نەبوونی پارەی نەختینەیە لەبەردەستی حکومەتی عیراقدا.
روونیشیکردەوە، هیچ گرفتێک لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا نییە، حکومەتی عیراقیش هیچ نییەتێکی لەوجۆرەی نییە کە بیەوێت ئاستەنگ بۆ موچە دروست بکات بەڵکو هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی چی زووترە پارەی کاش دابین بکات و موچەی پێ دابەش بکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دۆخێکی گەورەی جیهانی هەبێت کە کاریگەریی گەورە لەسەر داهات و ئابووری وڵات دروست بکات ئەوەیان جیاوازە، نەک تەنها حکومەتی عیراق بەڵکو بۆ حکومەتە گەورەکانیش گرفت دروست دەبێت، کە لە ئێستادا هیچ بابەتێکی لەو جۆرە بوونی نییە.