ستران عەبدوڵا: کاتی ستۆپ کردنە بە پارتی
کوردسات نیوز
٤ی نیسانی ٢٠٢٢
ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت لای پارتییە و بەھۆی ئەوەی سەرۆکی حکومەت لێپرسراوی یەکەمە، پێوستە لێپرسراوێتی ھەڵبگرێت، بەڵام نایەوێت بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بگرێتە ئەستۆ.
وتیشی، ئەو شێوە حکومڕانییەی ھەیە کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستانی دروستکردوە، ٤٥ کورسی لەگەڵ ١١ کورسی کە لە گیرفانی پارتیدایە تەحەکوم بەکوردستانەوە دەکات، بەڵام کێشەی پارتی لە کوردستان و عیراق ئەوەیە لێپرسراوێتی ھەڵناگرێت.
راشیگەیاند، کاتی ئەوەیە ھەڵوەستە بکرێت و ستۆپ بە پارتی بکرێت، وەکو یەکێتی دەستیان پێکردووە و نابێت ئەم باردوخە بەمشێوەی ئێستا بەردەوامبێت و قبوڵ بکرێت، بەبێ ئەوەی رێگە بدرێت ھەرێمی کوردستان بکرێت بە دوو زۆن وەک ئەوەی پارتی حەزی پێدەکات.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی سیاسی کوردستان دەریدەخات پارتی لەشوێنێکە و ھەموو ھێزە سیاسیەکانی تر لەشوێنێکی ترن، بارودۆخی ئابوری ئێستای ھەرێمیش ئەنجامی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆیە.
ستران عەبدوڵا تەئکیدیکردەوە، دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەگەر بە یاسا و کۆمسیۆنێکی کۆن بکرێت ئەوا ھیچ پێویست ناکات ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ھەمان ئەنجامی پێشتر دەبێت، بۆیە پێویستە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە فراکسیۆنەکان جگە لەپارتی پرۆژەیەکیان پێشکەشکردوە، تا یاسایەکی نوێ بێت و فرەبازنەیی بێت.