لە سەماکردن، بۆکسێن و پیشاندانی لێهاتوویی لەبەردەم جەماوەر، بۆ راهێنان لەسەر هەڵکوتانە سەر و شەڕکردن، رۆبۆتەکان لە چین هەنگاوێکی نوێ دەنێن کە رەنگە لە گۆڕەپانی نمایشکردنەوە بگوازرێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ.

پەکین، کە کۆمپانیاکانی هەژموونی تەواویان بەسەر بازاڕی ئەم تەکنەلۆژیایەدا هەیە لەسەر ئاستی جیهان، توێژینەوەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پێشخستنی 'سەربازی رۆبۆتی' کە بتوانن لەگەڵ هێزە مرۆییەکاندا کار بکەن؛ ئەمەش لە پێشبڕکێیەکدا کە تەنها کورتنابێتەوە لە دروستکردنی ئامێرێکی ژیرتر، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوەی شێوازی جەنگەکان.

تەنها چەند رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی خولی یارییەکانی جیهانیی رۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ لە چین، کە تێیدا بڕگەی سەما، بازدان، بۆکسێن و تەنانەت راکردنی 100 مەتری بە خێراییەک کە لە یوسێن بۆڵتی راکەری جامایکی خێراتر بوو پیشاندرا؛ دامەزراوە سەربازییەکانی چین هاتنە سەر هێڵ و ئاماژەیەکی جیاوازیان بەم پێشاندانانە بەخشی.

تەنها دوو رۆژ دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان، رۆژنامەیەکی رەسمیی سوپای چین داوای لە توێژەران کرد گواستنەوەی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان لە تاقیگەکانەوە بۆ مەیدانەکانی راهێنانی سەربازی خێراتر بکەن، بەمەبەستی دروستکردنی 'جەنگاوەری رۆبۆتی'.

بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی رۆیتەرز بۆ زیاتر لە 100 داواکاریی کڕینی سەربازی، توێژینەوەی ئەکادیمی، بڕوانامەی داهێنان و بەڵگەنامەی رەسمی بەدەستیهێناوە، دامەزراوە سەربازییەکانی چین توێژینەوەکانیان لەسەر بەکارهێنانی رۆبۆتە مرۆڤئاساکان چڕکردووەتەوە و پلانیان هەیە لە کۆتاییدا لە بەرەکانی جەنگدا بڵاویان بکەنەوە.

زانیارییە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە، دامەزراوە سەربازییەکانی چین لەسەر زەمینەی واقیعی تاقیکردنەوە لەسەر رۆبۆتەکان دەکەن و لە هەوڵی کڕینی رۆبۆت و تەکنەلۆژیای پێویستدان بۆ راهێنانیان بۆ بەگەڕخستنیان لەگەڵ هێزە مرۆییەکاندا.

ئەم هەوڵانە لە ساڵانی 2025 و 2026دا زۆر تەشەنەیان سەندووە، بەتایبەت لەسەر توانای مانۆڕدان و کۆکردنەوەی زانیاری.

بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی (Bank of America Global Research)، کۆمپانیا چینییەکان دەستیان بەسەر 95٪ـی بازاڕی ناردنی ئەم رۆبۆتانەدا گرتووە لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025دا؛ ئەم هەژموونەش رێگە بە سوپای چین دەدات سود لەم پیشەسازییە وەربگرێت بۆ گەشەپێدانی بەرنامە سەربازییەکانی.

شارەزایان پێیانوایە ئەم هەنگاوەی چین وەڵامێکە بۆ گۆڕانکارییە نوێیەکانی جەنگ، بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگی روسیا و ئۆکراین رۆڵی سیستمە نیمچە سەربەخۆکان و درۆنەکانی خستەڕوو، راوێژکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ناردنی رۆبۆت بۆ ئەو شوێنانەی کە مەترسیدارن بۆ مرۆڤ، دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی سەربازەکان و گۆڕینی هاوکێشەکان.

هاوکات ئەمریکاش کەوتووەتە هەمان رکابەرییەوە و راهێنان بە رۆبۆتە مرۆڤئاساکان دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکی هەواڵگری،  بەشدارپێکردنیان لە بەرەکانی پێشوەی جەنگدا.