عیراق هەوڵدەدات دەرچەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە
لاڤە
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
عیراق هەوڵدەدات دەرچەیەكی تر بۆ هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی سوریاوە بكاتەوە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەروی هورمز، هەرچەندە ئەو پرۆژە گەورەیە پشتگیری ئەمریكای هەیە و كۆمپانیای شیڤرۆن بەشداری تێدا دەكات، بەڵام بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەكان، جێبەجێكردنی قورسە و كات و تێچووی زۆرتری دەوێت بەراورد بەوەی راگەیەندراوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، كاركردن لە پرۆژەی هێڵی نوێی نەوتی عیراق-بانیاس، نزیكەی چوار ساڵی دەوێت و دوو هێندەی ئەو ماوەیەیە كە پێشتر بانگەشەی بۆ دەكرا، تێچووەكەشی 15 ملیار دۆلارە، پرۆژەكە سیستمێكی نوێیە كە كێڵگەكانی باشور و باكوری عیراق بە یەكەوە دەبەستێتەوە و لە حەدیسەوە دەگاتە بانیاس.
سكۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكاش رایگەیاندبوو، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا گرنگی گەروی هورمز كەم دەبێتەوە و زۆربەی هەناردەكان بە هێڵی بۆری دەگوازرێنەوە.
كۆتاییەكانی مانگی تەمموزی رابردوو، سوریا و عیراق یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریكی، تی ئای كاپیتاڵ و یوو سی سی هۆڵدینگی قەتەری ئیمزا كردووە، بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە تەكنیكی و داراییەكان.
كۆمپانیای شیڤرۆن ئاماژەی بەوە كردووە، دەبێت لێكۆڵینەوە تەكنیكییەكان تەواو بكرێن بۆ دیاریكردنی پێویستییەكانی پرۆژەكە و دابینكردنی مافی بەكارهێنانی زەوییەكان لەلایەن حكومەتی نوێی سوریاوە.
سەرەڕای ئەوەی پرۆژەی هێڵی بۆری نەوتی عیراق-سوریا هەلێكی گەورەیە بۆ فرەجۆركردنی رێگاكانی هەناردەكردنی نەوت و كەمكردنەوەی قەیرانەكان، بەڵام رێگەیەكی درێژ و ئاڵۆزە و چەندین بەربەستی وەك تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان، مسۆگەركردنی زەوی و دابینكردنی سەرمایەی گەورەی لەبەردەمدایە.
بەپێی داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆش، هەناردەی نەوتی عیراق لە رێگەی گەروی هورمزەوە بۆ 35 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە مانگی تەمموزدا دابەزیوە، بۆیە ئەو پرۆژە نوێیە وەك جێگرەوەیەك دەبینرێت بۆ هێڵە كۆنەكەی كەركوك-بانیاس، كە بەهۆی شەڕەكانەوە زیانی زۆری بەركەوتووە و ئێستا لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەكاندا ناگونجێت.



