توێژینەوەیەک هۆشداری لە گەرمبوونی هەوا لەسەر کەسە بەتەمەنەکان دەدات
لازیا عەلی
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری "لانسیت پلانیتەری هیڵس" بڵاوكراوەتەوە، هۆشداری دەدات لەوەی گەرمبوونی كەشوهەوا لە داهاتوودا مەترسییەكی زۆر گەورەتر بۆ سەر ژیانی كەسانی بەتەمەن دروست دەكات بەراورد بەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو.
ئەو توێژینەوەیە لەلایەن توێژەرانی ئەمریكی لە زانكۆی ستانفۆرد ئەنجام دراوە و هاوكاتە لەگەڵ گەرمای هاوینی ئەمساڵ، كە ناوچە جیاجیاكانی ئەوروپا و ئەمریكای باكوی گرتووەتەوە.
بەپێی توێژینەوە نوێیەكە دەركەوتووە، لێكۆڵینەوەكانی پێشوو قەبارەی مەترسییەكانی گەرمایان لەسەر كەسانی بەتەمەن بە كەم زانیوە، چونكە پشتیان بە زانیاری كۆن بەستووە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی توێژینەوە نوێیەكە تەنها بەرزی پلەی گەرما لەبەرچاو ناگرێت، بەڵكو رێژەی شێی هەواش هەڵدەسەنگێنێت، چونكە كاتێك گەرما لەگەڵ شێی بەرزدا كۆدەبێتەوە، مەترسییەكەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.
بە تێكەڵكردنی ئەو زانیارییە نوێیانە لەگەڵ خەمڵاندنەكانی تایبەت بە پیربوونی دانیشتووانی جیهان لە داهاتوودا، دەركەوتووە، گەرما تاقەتپڕوكێنەكان ژمارەیەكی زۆر لە كەسانی بەتەمەن دەگرێتەوە، بە روبەرێكی فراوانتر و بۆ ماوەی درێژتر بەراورد بە پێشبینییەكانی پێشوو.
بە نمونەش ئەگەر پلەی گەرمای جیهان تا ساڵی 2100 بە رێژەی 1.5 پلە بەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازیی بەرزببێتەوە، 22%ی ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەروی 60 ساڵە، ساڵانە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك تووشی گەرمایەكی مەترسیدار دەبن.
توێژەران جەخت دەكەنەوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، ئەوانەن كە بەشێكی زۆری دانیشتووانەكەیان توانای داراییان نییە بۆ دابینكردنی هۆكارەكانی خۆپاراستن لە گەرما.
داواشیانكردووە، كارئاسانی بكرێت بۆ پەیداكردنی هۆكارەكانی فێنككەرەوە و هەوڵی جددیش بدرێت بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەكان و كاربۆن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەرمبوونی زەوی.
رێكخراوی تەندروستی جیهانیش بڵاویكردووەتەوە، ساڵانە نزیكەی 500 هەزار كەس لە جیهاندا بەهۆكاری گەرما و گۆڕانكاری كەشوهەواوە گیان لەدەستدەدەن.



