گۆڕەپانی ناوەندیی برۆکسل بە راخەرێکی گەورەی گوڵ کە لە کولتوری ژاپۆنەوە وەرگیراوە نەخشێنرا
محەمەد رزگار
١٥ی ئابی ٢٠٢٦
لە دیمەنێکی بێوێنەدا زیاتر لە 700 هەزار گوڵ گۆڕەپانی مێژوویی برۆکسلیان کردە تابلۆیەکی رەنگاڵەیی ژاپۆنی و بەلژیکای لە خولقاندنی جەستەیەکی هونەریی زەبەلاحدا لەگەڵ توکیۆ کۆکردەوە.
پلیتی بەردینی گۆڕەپانی مێژوویی "گراند پلەیس" (Grand Place) لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا، گۆڕدرا بۆ تابلۆیەکی زیندووی گوڵ، ئەمەش لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی 24ەمین خولی چالاکیی "راخەری گوڵ" (Flower Carpet) کە بابەتەکەی ئەمساڵی لە کولتوری ژاپۆنەوە وەرگیراوە.
دیزاینی ئەمساڵ لەلایەن هونەرمەندی ژاپۆنی "هیرۆ سوگییاما"وە ئامادەکراوە، کە ئیلهامی لە تابلۆ دارینە بەناوبانگەکەی "شەپۆلە گەورەکەی کاناگاوا"ی شێوەکار "کاتسوشیکا هۆکوسای" وەرگرتووە، لەم کارە هونەرییەدا زیاتر لە 700 هەزار گوڵ (کە زۆربەیان گوڵی دالیای کلاسیکی بەلژیکیین) بەکارهێنراون و رووبەرەکەی 70 مەتر درێژی و 24 مەتر پانییەکەیەتی.

هونەرمەندە ژاپۆنییەکە هەشت مانگی بۆ ئامادەکردنی دیزاینەکە تەرخانکردووە. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا دەیوست رەنگی زیاتر بەکاربهێنێت، بەڵام بەهۆی کەمیی کاتەوە تەنها 16 رەنگی بەکارهێناوە، سوگییاما ئاماژەی بەوەکرد، دوای دانانی گوڵەکان لە شوێنی خۆیان، دڵگران بوونی بەهۆی سنوورداربوونی رەنگەکانەوە بە تەواوی رەواوەتەوە و ئەنجامەکە زۆر سەرنجڕاکێش بووە.
ئەم هاوکارییە هونەرییە وەک رێزلێنانێکە بۆ 160یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەلژیکا و ژاپۆن، هەروەها دە ساڵ دوای یەکەم راخەری گوڵی هاوبەشی نێوانیان لە ساڵی 2016دا دێت.
لەلای خۆشیەوە، ریچارد بۆنسێنت، ئەندامی لیژنەی ڕێکخستنی چالاکییەکە جەختی کردەوە، راخەرەکە تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو هێمایەک بۆ کۆکردنەوەی گەلان و کولتورە جیاوازەکان لە یەک شوێندا.
پێش راخستنی گوڵەکان، دیزاینەکە بە قەبارەی واقعی لەسەر قوماشێکی گەورەی لۆکە کێشرا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو زیاتر لە 100 خۆبەخش (لە نێوانیاندا تاكێشی ئۆسوگا، باڵیۆزی ژاپۆن لە بەلژیکا) بۆ ماوەی شەش سەعات کاریان کرد بۆ رێکخستن و چاندنی گوڵ و گژوگیاکان لەسەر قوماشەکە.

سەرچاوە بەلژیکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، سەرەتای دروستبوونی بیرۆکەی "راخەری گوڵ" لە گۆڕەپانی ناوەندیی برۆکسل بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە و دوو ساڵ جارێک رێکدەخرێت، بۆ دروستکردنی لەگەڵ گوڵی دالیا و بێگۆنیا، چیمەن و توێکڵی درەختیش بەکاردەهێنرێت.
چالاکییەکەی ئەمساڵ (2026) لە رۆژی 13 تا 16ـی ئاب بەڕێوەدەچێت، و سەردانیکەران دەتوانن لەنزیکەوە یان لە شانشینی کۆشکی شارەوانییەوە تەماشای تابلۆ زەبەلاحەکە بکەن.



