گەشەی ژیریی دەستکرد رێژەی بێکاریی گەنجانی لەسەر ئاستی جیهان بەرزکردووەتەوە
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد کێشەیەکی نوێیان بۆ بازاڕی کاری جیهانی دروست کردووە، بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، رێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا بە تایبەتی لەو وڵاتانەی خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزن، رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
لە راپۆرتە ساڵانەکەیدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی گەنجانەوە بڵاوکراوەتەوە، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە رێژەی بێکاری بۆ تەمەننی نێوان 15 بۆ 24 ساڵ لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 12.4٪، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا 12.3٪ بووە. بەپێی ئەم ئامارە، لە ئێستادا زیاتر لە 67 ملیۆن گەنج لەسەر ئاستی جیهاندا بێکارن.
دەستدەستکەوتەکانی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکەن کە رێژەی ئەو گەنجانەی کە نە کار دەکەن، نە دەخوێنن و نە بەشداری هیچ خولێکی مەشق و راهێنان دەکەن، بەرزبووەتەوە بۆ 20٪، کە زیاتر لە 257 ملیۆن گەنج دەگرێتەوە. شارەزایانی رێکخراوەکەش پێشبینی دەکەن رێژەی بێکاریی گەنجان لە ساڵانی 2026 و 2027 لە دەوروبەری 12.3٪ جێگیر بێت.
کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر هەلی کار
فراوانبوونی رۆڵی ژیریی دەستکرد ئاسۆی داهاتووی کاری گەنجانی گۆڕیوە. ئەو پیشانەی پێشتر دەروازەی سەرەکی بوون بۆ چوونە ناو بازاڕی کار — وەک بوارەکانی کارگێڕی، خزمەتگوزاری، فرۆشتن، پیشەسازی و هەندێک پیشەی تەکنیکی —روویان لە کەمی کردووە.
لەبارەی مەترسییەکانی ئەم دیاردەیەوە، (سوکتی داسگوپتا)، بەڕێوەبەری بەشی دامەزراندن و مەشق لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "6.1٪ی ئەو کۆمپانیا و پیشانەی کە کەسانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵ کاری تێدا دەکەن، ئێستا بەشێکی زۆری ئەرکەکانیان راستەوخۆ لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە رایی دەکەن، ئەمەش مەترسیی بێکاربوونی گەنجانی زیاتر کردووە."
داسگوپتا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تەنها 10٪ی ئەو کارانە بە تەواوی رادەستی ژیریی دەستکرد بپێردرێن و پێویستیان بە دەستی کاری مرۆیی نەمێنێت، ئەوا زیاتر لە 5 ملیۆن و 600 هەزار گەنج (بەتایبەت لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکان) رووبەڕووی مەترسیی بێکاری، ناچاربوون بە گۆڕینی پیشەکەیان، یان دوورکەوتنەوە لە بازاڕی کار دەبنەوە.



