لە قوڵایی دڵگیرییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لە شارۆچکەی خاش چیرۆکی پیاوێک، کە  بە بێدەنگی ژیانێکی پڕ لە ئازار و شکۆ بەڕێدەکات بوتە خەمی هەموان.

عەبدولنەسیر نەتوزەیی شاد، گەنجێکی 35 ساڵەیە کە روبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەن و سەخت بووەتەوە بە ناوی "ئەپیدێرمۆدیسپلازی وێرموسیفۆرم" – هەمان ئەو نەخۆشیەی لەناو خەڵکدا بە "نەخۆشیی پیاوی دار" ناسراوە، چونکە زیپکە و ئاوساوی و شێوەی پێستی، وەک توێکڵی دارێکی دێرین دەردەکەون.

عەبدولنەسیر، تەنانەت روخسار و جەستەی، کە ساڵانێکە لەژێر قورسیی ئەم ئازارەدا دەناڵێنن، نەبوونەتە رێگر لە بەردەم کەرامەت و سەربەرزیییەکەیدا.

عەبدولنەسیر، زیاتر لە 20 ساڵە توشبوی ئەم نەخۆشییەوە و پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام خۆیپیشان نەداوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە هەژماری ئینستاگرامی گەشتیارێک بڵاوبوەتەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەت و لە هەمان کاتدا سەربەرزانە دەڵێت؛ سوپای خودادەکەم لەسەر ئەم حاڵەتەم.

چیرۆکی تاڵی عەبدولنەسیر لەوەوە دەستی پێکرد، کە ساڵانێک لەمەوبەر، زیپکەی بچوک لەسەر قاچەکانی دروست بون و سەرەڕای سەردانیکردنی پزیشکەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ساڵی 2015دا، نەخۆشییەکەی نەک هەر چاک نەبووەوە، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیادی کرد و جەستەی بە تەواوی داگیر کرد.

کاتێک ساڵی رابردوو چیرۆکی ژیانی بەشێوەیەکی بەربڵاو دەنگیدایەوە، تروسکایەکی هیوا روی تێکرد؛ بەخشەرێک بە ناوی برایان ئیعتماد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لەئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی چارەسەری عەبدولنەسیر لە ئەمریکا، بەڵام ئەم هیوایە لە پشت دەرگا داخراوەکانی کێشەی پێدانی ڤیزە گیری خوارد وتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

 عەبدولنەسیر بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و خەمەوە رایگەیاند کە بەهۆی "کێشەی ڤیزا"وە ناتوانێت گەشت بکات و داوای لە خەڵک کرد تەنها نزای خێریان بۆ بکەن تا دەرگای ئەم دەرفەتەی لەسەر بکرێتەوە.

عەبدولنەسیر شوێنی تەمەن و ئازار بە جەستەیەوە دیارە، بەڵام رۆحی ئەوەندە گەورەیە، کە رێگەی نەداوە دەستەکانی، کە وەک چڵە داریان لێهاتووە، ببنە هۆی شکانی سنوری سەربەرزیی خێزانەکەی.

 ئەو هێشتا بە هەناسەیەکی پڕ لە هیواوە هەوڵدەدات بۆ ژیان دەکات، لە نێوان ئەو جەستەیەی رۆژ بە رۆژ دەبێتە دار و تروسکایی هیوای کەمتردەکاتەوە لەگەڵ ئەو دڵە میهرەبانەی کە هەوڵدەدات بەردەوامبێت، بەبێ ئەوەی موحتاجی کەس بێت.

جێ باسە، نەخۆشی Epidermodysplasia Verruciformis - EV))، کە لە زمانی گشتییدا بە (نەخۆشیی پیاوی دار) یان (بوون بە دار) ناسراوە، نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی و لە تەواوی جیهاندا لە ساڵی 1922 تا ئێستا نزیکە 500 توشبوی ئەو نەخۆشییە تۆمار کراون.