لە دڵی شاری سێواسی باكووری كوردستان، مزگەوتی گەورەی دێڤریگی و دارولشیفا وەك یەكێك لە ناوازەترین شاكارە تەلارسازییەكانی سەردەمی سەلجووقییەكان دەدرەوشێتەوە.

ئەم شوێنەوارە مێژووییە كە تەمەنی نزیكەی 800 ساڵە، تەنها بە نەخش و نیگارە دەگمەنەكانی سەر بەردەكانی ناناسرێتەوە، بەڵكو بە دیاردەیەكی بینایی سەرسوڕهێنەر ناوبانگی دەركردووە و بەو مزگەوتەی كە سێبەرەكانیشی نوێژ دەكەن دەناسرێتەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوە مێژووییەكان، ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1228ی زاینی دروستكراوە و یەكێكە لەو شوێنەوارانەی لە لیستی میراتی جیهانیی یونسكۆدا بە شێوەیەكی رەسمی تۆمار كراوە.
لە مانگەكانی تەممووز و ئابدا، نزیكەی سەعات 7:00ی بەیانی، سێبەرێكی چڕ لەسەر نەخشەكان دروست دەبێت كە شێوەی ژنێكی نوێژكەر نیشان دەدات.

ئەم دیاردەیە تەنها رێكەوت نییە، بەڵكو ئەنجامی لێكدانەوەیەكی زانستیی قووڵە بۆ جووڵەی خۆر و گۆشەی كەوتنی تیشكەكان لەسەر تاق و پەنجەرەكان كە لە هیچ شوێنێكی تر هاوشێوەی نییە.

لە لایەكی تر و لەسەر دەرگایەكی تری مزگەوتەكە، دیاردەیەكی تری ئەندازیاری هاوشێوە لەكاتی نوێژی عەسردا دووبارە دەبێتەوە.

لەو كاتەدا سێبەرێك دروست دەبێت كە لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت پیاوێك بێت خەریكی خوێندنەوەی قورئان بێت، پاشان سێبەرەكە دەگۆڕێت بۆ شێوەی پیاوێك كە كڕنۆش دەبات و نوێژ دەكات.

ئەم وردكارییانە لە 365 رۆژی ساڵدا تەنها لە كاتە دیاریكراوەكاندا دەردەكەون، ئەمەش فشار دەخاتە سەر مێشكی بینەر بۆ تێگەیشتن لەو ئاستە بەرزەی ئەندازیاری كە چۆن توانیویانە 8 سەدە پێش ئێستا بەبێ تەكنەلۆژیای مۆدێرن كارێكی وەها ورد ئەنجام بدەن.

ئەوەی ئەم مزگەوتە لە مزگەوتەكانی تر جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە هیچ نەخشێكی سەر دەرگاكان هاوشێوەی یەكتر نین و هەریەكەیان چیرۆكێكی تایبەت دەگێڕنەوە.

بەپێی ئامارەكان، ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بینینی ئەم سێبەرانە سەردانی دەكەن، بەتایبەت لەو وەرزانەی كە سێبەرەكان بە روونی تێیدا دەردەكەون، تا لە نزیكەوە بینەری ئەو ساتە بن كە بەردەكان تێیدا مانا بە رۆحییەت و پەرستن دەبەخشن.