كێوی پیكاكسە لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس، ئەو كێوەی لەپشت ئێرانەوە وەستاوە بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

زیاتر لە ساڵێك بەسەر جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیلدا تێپەڕیوە و هێشتا ئاگری جەنگی 40 رۆژەش ژیلەمۆیەكە نەبووە بە خۆڵەمێش، كە لە هەر ساتێكدا بێت دەكرێت ئاگرێكی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام بەشێكی سەرەكی ئەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل جەنگیان دژ بە ئێران بۆ هەڵگیرساندووە، تاران نەك هەر دەرسبەرداریی نابێت، بەڵكو توندتر دەستی پێوەگرتووە و دەیپارێزێت.

دوایین راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكی و ئیسرائیلییەوە ئاشكرای كردووە، ئێران لەدوای جەنگی 12 رۆژەوە بە هەزاران ئامێری سەنتەرفیوجی بۆ تونێلە قوڵەكان و داڵانی كێوی پیكاكس گواستووەتەوە لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس.


كێوەكە بە دووری دوو كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز و هەزار و 608 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، چەندین تونێلی قوڵ و تۆكمە لەخۆ دەگرێت و بە پێگەیەكی ئەتۆمی نوێ و قایمكراوی ئێران دادەنرێت.


پێگەی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كردووە، دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی B-52ی ئەمریكی و هێزەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر سێ دامەزراوەی سەرەكیی ئەتۆمیی ئێران، تاران ئەو هەنگاوەی ناوە.


وێنەی مانگە دەستكردەكان كە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا گیراون، ئاماژە بە جوڵەی بەردەوامی بارهەڵگر و چەند ئامێرێك دەكەن لە ناوچەكەدا و دەردەكەوێت چەند تونێلێك لە قوڵایی نزیكەی 100 مەتر لەژێر زەویدا هەڵكەنراون، كە ئەوەش  وادەكات لە دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ قوڵتر و قایمتر بێت و راستەوخۆ بە ئامانجگرتنی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە زۆر سەخت بێت.


بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ، كە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، كێوی پیكاكس دەكەن بە ئامانج و تونێلەكانی لەناو دەبەن. وتیشی، بە ئێرانییەكان دەڵێین ئامادە بن.


ئەم هەنگاوەی ئێرانیش بە واتای ئەوە دێت، تاران نەك ئامادە نییە دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێت وەك لە رێككەوتنەكاندا ئەمریكا و ئیسرائیل داوای دەكەن، بەڵكو لەدوای جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، بە جددی كاری كردووە بۆ پاراستنی و هەموو ئەگەرێكی بۆ هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەبەرچاو گرتووە.