شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی نوێ لەناو پنتاگۆن، واشنتۆن بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ هێزە چەکدارەکانی بەرەو سەردەمی "رۆبۆتە چەکدارە زیرەکەکان" دەبات، ئەمەش مشتومڕێکی قووڵی ئەخلاقی و نێودەوڵەتیی لەسەر راسپاردنی فەرمانی "کوشتن و بڕیاردانی جەنگ" بە ژیریی دەستکرد دروستکردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی توانای سەربازیی خۆی نزیک دەبێتەوە، کە پشت بە رۆبۆتە ژیرەکان دەبەستێت، ئەم ڕۆبۆتانە بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن و توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان لە گۆڕەپانی جەنگدا هەیە، ئەمەش وەرچەرخانێکە کە پێشبینی دەکرێت نەخشەی داهاتووی شەڕەکان بگۆڕێت، ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی دروستبوونی دابەشبوونێکی قووڵ؛ لایەنگرانی ئەم تەکنەلۆژیایە بە هۆکارێکی گرنگی کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە دەبینن، لە کاتێکدا نەیارانی هۆشداری دەدەن لە پێدانی دەسەڵاتی کوشتن بە ئامێرەکان.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، لەگەڵ ستراتیژی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خێراکردنی تێکەڵکردنی ئەم سیستمە لە ناو وەزارەتی جەنگدا، جارێکی دیکە مشتومڕی سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی چەکی خۆکار هێناوەتەوە بەرباس، کە دەتوانن بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ ئامانجەکان دەستنیشان بکەن و هێرشیان بکەنە سەر.

رۆبۆتە شەڕکەرەکان لە مەیداندا

ئەم ئاراستە نوێیە لەلایەن سانکایت پاتاک، دامەزرێنەری کۆمپانیای "فاوندەیشن"ەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە لەم دواییانەدا رۆبۆتێکی بە ناوی "فانتۆم" نمایش کرد کە توانای هەڵگرتنی هاوەنی هەیە، پاتاک ئاماژە بەوە دەکات کە کار بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵێک رۆبۆت دەکەن کە سەربەخۆیی زیاتریان هەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی نەبوونی کاتی پێویست بۆ چاوەڕوانیکردنی فەرمانی مرۆیی، بتوانن بڕیاری خێرا لە مەیدانی جەنگدا بدەن، ناوبراو پێشی وایە کە ئەمریکا ناتوانێت دەستبەرداری ئەم تەکنەلۆژیایە بێت لە کاتێکدا وڵاتانی وەک چین و روسیا بەردەوامن لە وەبەرهێنان لە سیستمە هاوشێوەکاندا.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا تاوتوێی پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و سیستمە سەربازییە خۆکارەکان، بە مەرجێک رێسایەک دابنرێت کە بەرپرسیارێتی بەکارهێنانی هێز هەر لە دەستی فەرماندە سەربازییەکاندا بمێنێتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش (پنتاگۆن) خەریکی نوێکردنەوەی سیاسەتەکانیەتی تایبەت بە چەکەکانی ژیریی دەستکرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێنماییەکانی ترەمپ بۆ خێراکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە بوارەکانی هەواڵگری و جەنگدا، ئیدارەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، ژیریی دەستکرد دەتوانێت بەکارهێنانی هێز وردتر بکات و هەڵەی مرۆیی کەم بکاتەوە، هاوکات پارێزگاری لە گیانی سەربازان و مەدەنییەکانیش بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم هەنگاوە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی شارەزایانی ژیریی دەستکرد، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە سەرکردە ئاینییەکان بووەتەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای قەدەغەکردنی چەکە خۆکارەکانی کردووە لە ژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا و بیرۆکەی سپاردنی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانی مرۆڤەکان بە رۆبۆتەکان، بە کارێکی "نائەخلاقی و رەتکراوە" وەسف کردووە، شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە سیستمەکانی ژیریی دەستکرد هێشتا ئەگەری هەڵەکردن و بڕیاری چاوەڕواننەکراویان تێدایە، ئەمەش مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی گۆڕەپانی جەنگ یان بەئامانجگرتنی هەڵەی مەدەنییەکانی لێدەکەوێتەوە.

هاوکارییە سەربازییەکان درزێکی گەورەی لە نێوان کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرددا دروستکردووە؛ کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" (Anthropic) رەتیکردووەتەوە رێگە بدات مۆدێلی "کلۆد"ەکەی لە چەکە تەواو خۆکارەکاندا بەکاربهێنرێت، بەو پێیەی تەکنەلۆژیاکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێک بڕیاری مردن و ژیان بدات، لە بەرانبەردا، کۆمپانیای "ئۆپن ئەی ئای" (OpenAI) بەردەوامە لە هاوکارییەکانی لەگەڵ سوپای ئەمریکا، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە دەبێت بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەی لە چوارچێوەیەکدا بێت کە بوونی فەرمانی مرۆیی و سنوری دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی هێز گەرەنتی بکات.