پەرەسەندنی هێرشە موشەكییەكانی ئێران گومانی ئەمریكا لە پاڵپشتیی روسیا و چین بۆ ئەو وڵاتە زیاتر كردووە
کەژان
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران شێوازی هێرشە موشەكییەكانی گۆڕیوە بۆ تێپەڕاندنی سیستەمە بەرگرییەكانی ئەمریكا، ئەوەش بە بەكارهێنانی موشەكی زۆر خێرا كە توانای مانۆڕدانیان هەیە لە كاتی ئاڕاستەكردنیاندا بۆ سەر ئامانجەكان، ئەمەش وایكردووە بتوانێت شوێنە هەستیارەكان بپێكێت.
رۆژنامە جەختیكردوەتەوە، لێپرسراونی ئەمریكی نیشانەی پرسیاریان لەسەر سەركەوتنی ئێران لە پێكانی ئامانجە هەستیارەكان داناوە و گومان دەكەن كە تاران پاڵپشتیی هەواڵگری یان تەكنیكی و زانیاری پێكانی ئامانجەكانی لەلایەن روسیا یان چینەوە پێگەیشتبێت، هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەیەكی ئاشكرا لەمبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
ئەو موشەكانەی لە راپۆرتەكەدا ئاماژەیان پێكراوە بەرگرییەكانی ئەمریكا تێدەپەڕێنن، بە گشتی سەر بە نەوەی نوێی موشەكە بالیستی وكرووزەكانی ئێرانن، یان ئەو موشەكانەن كە لە جۆری "هایپەرسۆنیك"یان خاوەن كڵاوەی مانۆڕكەر مارڤی ئەژمار دەكرێن.
موشەكە باوەكان رێڕوویەكی كەوانەیی دیاریكراو دەگرنەبەر كە كۆمپیوتەرەكانی بەرگری ئاسمانی وەك سیستەمی پاتریۆت یان تاد دەتوانن پێشبینی شوێنی كەوتنیان بكەن.
بەڵام ئەو موشەكە نوێیانە لە كاتی دابەزیندا بە خێراییەك زیاتر لە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ دەجووڵێن و دەتوانن ئاڕاستەی خۆیان بگۆڕن، ئەمەش ناسینەوە و پێكانینان لەلایەن ڕاداری بەرگرییەوە زۆر قورس دەكات.
رۆژنامەكە راشیگەیاندوە، گومانی لێپرسراوانی ئەمریكا لە هاوكاریی چین و روسیا بۆ ئێران لە چەند خاڵێكدا خۆی دەبنێتەوە، لەوانەلە لایەنی روسیاوە پاڵپشتی تەكنیكی و ئەزموونی دەكرێت، دوای شەڕی ئۆكراین و بەكارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن روسیاوە، پەیوەندی سەربازیی نێوانیان گەیشتە بەرزترین ئاست، وسیا خاوەنی پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیای موشەكی هایپەرسۆنیكە گومان دەكرێت زانیاریی تاقیكردنەوەكان یان سیستەمی ڕێنوێنیكردنی دابێتە ئێران.
لە لایەنی چینەوە پاڵپشتی مانگی دەستكرد و ئەلیكترۆنی دەكرێت، چین خاوەنی تۆڕی مانگی دەستكردی "بیدیۆوەی"ە كە ركابەری سیستەمی جی پی ئێسی ئەمریكی دەكات، بۆ پێدانی زانیاریی وردی جوگرافی و ناسینی شوێنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران پێویستی بە هاوكاریی دەزگا سیستەمییە پێشكەوتووەكانی هاوشێوەی چینی هەیە.
ئەو بنكە ئاسمانییە كە كراوەتە ئامانج، یەكێكە لە گرنگترین و ستراتیژیترین بنكەكانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا، وەك چەقی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكانی ئەمریكا كاردەكات بۆ چاودێریكردنی ناوچەكە، و لێدانی ئەو بنكەیە بە وردی، پەیامێكی روونی ئێرانە بۆ واشنتۆن كە هیچ بنكەیەكی ئەمریكی لە ناوچەكەدا تەنانەت ئەوانەش كە لە پشت هێڵەكانی پێشەوەی شەڕن و سیستەمی بەرگری بەهێزیان هەیە پارێزراو نین.
بەڵام سەرەڕای بەردەوامی هێرشە رێژەییەكان، شرۆڤەكاران پێیان وایە كە هەردوولا تا ئێستا خۆیان لە خلیسكانی ناو شەڕێكی گشتگیر بەدوور گرتووە، بەڵام هۆشداری دەدەن كە بەردەوامبوونی ئەم گرژییە قۆناغ بە قۆناغە رەنگە دۆخەكە بەرەو خولگەیەكی مەترسیداری پەرەسەندن ببات كە كۆنترۆڵكردنی قورس بێت.



