'پلانی دوو قۆناغی'ـی ترەمپ؛ ئەمریکا بۆردومانی پێگەکانی ئێران دەکات و بژاردەی گورزە گەورەکەی لەسەر مێزە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران پەنای بۆ بژاردەی سەربازیی ستراتیژی بردووە کە باڵادەستیی هێزی ئەمریکا پێشاندەدات؛ بڕیارەکانی واشنتۆن بە ئامانجی ناچارکردنی تارانە بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ یان رازیبوون بە داواکارییەکانی ئەمریکا، نەک وەشاندنی گورزێکی خێرای کۆتایی.

میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە قۆناغی یەکەم لە سێ خاڵ پێکدێت کە بەم شێوەیەیە:

قۆناغی یەکەم: ئۆپەراسیۆنی دووانی لە گەروی هورمز:

بۆردومان و گەمارۆ: چەند رۆژێکە ئەمریکا دەستی بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دووقۆڵی کردووە؛ لە لایەکەوە پێگەکانی ئێران لە تەواوی ناوچەکانی نزیک گەروی هورمز بۆردومان دەکات، و لە لایەکی تریشەوە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر جووڵەی کەشتییەکان.

پێشێلکردنی رێککەوتن و ئاماری هێرشەکان: لێپرسراوانی ئەمریکی بە کەناڵی حەدەسی عەرەبییان راگەیاندووە، ترەمپ دەرفەتێکی باشی دابوو بە ئێرانییەکان بۆ دانوستان، بەڵام تاران دوای پابەندبوونی سەرەتایی، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشی کردە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە گشتی لە دوای راگەیاندنی یاداشتی چوارچێوەییەوە، ئێران 23 کەشتیی بۆردومان کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 12 کەشتیوان.

ئامانجە سەربازییەکان: وتەبێژە سەربازییەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا 'سێنتکۆم' کار بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران دەکەن، لەوانەش: تواناکانی بەرگری و هێرشبەری (وەک سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و درۆنەکان)، توانای پیشەسازیی سەربازی، گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی، و سەرجەم تواناکانی تری هێزی دەریایی ئێران.

قۆناغی دووەم: بژاردەی گورزە گەورەکە و هێنانە سەر لێواری روخان:

قۆناغی دوای هورمز: گەورەترین پرسی سەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا بریتییە لە "قۆناغی ژمارە دوو". ئاماژەکان نیشان دەدەن ئەمریکا چەک و هێزی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بژاردە دەداتە ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورەتر و بەرفراوانتر بۆ سەر ژێرخانی ئێران، تا رژێمی تاران لاواز بکات یان بیخاتە سەر لێواری روخان.

چاوەڕوانی بۆ بڕیاری کۆتایی: سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ، هەڵسەنگاندنە ئارامەکانی لێپرسراوانی ئەمریکی ئاماژە بە ئەگەرێکی "گورزە گەورەکە" ناکەن. لێپرسراوێکی ئەمریکی رایگەیاندووە: "ترەمپ بژاردەی دروستی دابووە ئێرانییەکان، بەڵام ئەوان بڕیاری هەڵەیان دا و بوونە هێرشبەر لەبری هێورکردنەوەی رەوشەکە؛ ئێستاش دەبێت چاوەڕێ بین ببینین چی دەکەن."

پاشەکشەی توانای سەربازیی تاران: کەناڵی حەدەس ئاشکرایکردووە، ئەوەی وا لە لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا دەکات پەلە نەکەن لە وەشاندنی گورزی کۆتایی، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکایە؛ زانیارییەکان دەری دەخەن کە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا سەرکەوتوو بوون لە لێدانی کارگەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران، تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆری سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و درۆن، پەکخستنی هێزی دەریایی و خاپوورکردنی سەنتەرەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە.

بەراوردکردنی هێرشەکانی ئێران بە بەردهاویشتن: لێپرسراوێکی ئەمریکی رەوشی ئێستای تواناکانی ئێران بە پیاوێک بەراورد دەکات کە لەسەر شەقامێکی گشتی وەستابێت و بەرد بگرێتە ئۆتۆمبێلەکان؛ بێگومان ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتیی هاتوچۆ، بەڵام ناتوانێت رێگری لە رۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان بکات. ئەو لێپرسراوە دەڵێت: "هێرشەکانی ئێستا کورتخایەن و تەنیا کاریگەریی دەروونییان هەیە، تاران چیتر ناتوانێت وەک چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشی بەرفراوان و گەورە ئەنجام بدات، تەنانەت توانای ئەوەشی نەماوە گەروی هورمز بە تەواوی دابخات."

ترەمپ بژاردەی زۆری لەبەردەستدایە:

بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵی حەدەس، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی واشنتۆن پێیان وایە ترەمپ ناچار نییە لەم قۆناغەی ئێستای بۆردومانەکان زیاتر بڕوات؛ چونکە رژێمی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر رووبەڕووی مەترسیی بووتەوە.

لە کۆتاییدا ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەیان خستووەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا توانای چاوەڕوانیکردنی هەیە و دەتوانێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەر بژاردەیەک کە بییەوێت هەڵیبژێرێت، ئاشکراشیانکردووە باشترین شت کە بۆ ئێران، ناوچەکە و ئەمریکا روبدات، ئەوەیە کە ئێران رێگەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ترەمپ هەڵبژێرێت.