ترەمپ هەڕەشەی وێرانكردنی پێگەی ئەتۆمیی كێوی 'تەور' دەکات کە 220 كیلۆمەتر لە باشوری تاران و لە قووڵایی 100 مەتر، لەژێر زەویدایە.

ململانێیەكی نوێی نێوان واشنتۆن و تاران سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا، بەئاشكرا هەڕەشەی وێرانكردنی پێگەیەكی ئەتۆمیی زۆر هەستیاری ئێرانی كرد لە كێوی تەور كە بەوتەی خۆی لە قووڵاییەكی زۆری زەویدا دروستكراوە.

كێوی تەور دەكەوێتە ناوچەیەكی ستراتیژیی بە دوریی 220 كیلۆمەتر لە باشوری تاران و تەنها دوو كیلۆمەتر لە بنكەی ئەتۆمی نەتەنزەوە دوورە.

لوتكەی كێوەكە هەزار و 600 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەڵام دامەزراوە ئەتۆمییەكە لانیكەم لە قووڵایی 100 مەتر لەژێر چیاكەدا هەڵكەندراوە.

دامەزراوە ئەتۆمیەكە لە ساڵی 2020 دروستكراوە، دوای ئەوەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز چەند ئامێرێكی هەستیاری بەهۆی هێرشێكەوە پەكییان كەوت، تاران بڕیاریدا چالاكییە هەستیارەكان بباتە بنكە نوێیەكەوە، بەڵام دیارنییە هێشتا دەستی بە كار كردن كردووە یان نا.

ئامانجی سەرەكی لەم شوێنە نوێیە، دروستكردنی هۆڵێكی مۆدێرن و فراوانە بە مەبەستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی مەودای هێرشە ئاسمانییەكان و لە جەنگی 12 رۆژەی ئەمریكا و ئێران بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران زیانیان بەركەوت جگە لە بنكەی ئەتۆمی كێوی تەور.

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا رایگەیاند، واشنتۆن لە نزیكەوە چاودێری رەوشەكە دەكات و هۆشداریداوە لەوەی هەر كاتێك بزانن چالاكیی ئەتۆمی لە كێوی تەور دەستپێدەكات، دەیپێكن.

سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، شارەزایانی سەربازی كۆكن لەسەر ئەوەی كە هێرشكردنە سەر ئەم شوێنە كارێكی ئاسان نییە، بۆمبی دژە حەشارگەكان بێسودن و بەهۆی قووڵاییە زۆرەكەیەوە توانای بڕینیان نییە.

پەیمانگەی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێیوایە، رەنگە ئەم پێگەیە تەنها لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هێزە زەمینییەكان یان كردەوەی تێكدەرانەی ناوخۆییەوە هێرشبكرێتەسەری یان لە رێگەی دۆزینەوەی خاڵە لاوازەكانی سیستمی هەواگۆڕكێ و دەروازەكان لە هێرشی ئاسمانیی تونددا دەتوانرێت خاپور بكرێت.

كێوی تەور نوێنەرایەتی دواین هێڵی بەرگریی ئێران دەكات بۆ پاراستنی خەونە ئەتۆمییەكەی، هەر جوڵەیەكی ئەمریكا ناوچەكە دەخاتە بەردەم ئەگەری روبەڕوبونەوەیەكی سەربازیی نوێ و ئاڵۆز.