ناونانی فڕۆكەخانەكان بە ناوی سەرۆك و رابەر یان كەسایەتییە ناودارەكان بووەتە كلتور
شاد
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
ناونانی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان، رێزلێنانە لە خەبات و تێكۆشانی ئەو كەسایەتی و سەركردانەی رۆڵ و پێگەی كاریگەرییان لە وڵاتەكانیاندا هەبووە و لە دژی ستەم و زۆرداری و دیكتارەكان وەستاونەتەوە، گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، رێزلێنانە لە خەبات و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال هاوشێوەی سەركردەكانی تری جیهان.
لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، ناونانی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان بە ناوی سەرۆك، رابەر یان كەسایەتییە مێژوویی و نیشتمانییە ناودارەكان، بووەتە بەشێك لە كلتوری رێزلێنان لەو كەسانەی كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی وڵاتەكانیان هەبووە، ئەو فڕۆكەخانانە تەنها ناونیشانی گواستنەوەی گەشتیاران نین، بەڵكو هەڵگری پەیامێكی مێژوویی و ناسنامەی نیشتمانین، چونكە یەكەم شوێنن كە زۆربەی میوانان و گەشتیاران لە كاتی چوونە ناو وڵاتێك پێی دەگەن.
لە هندستان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مەهاتما غاندی بە ناوی رابەری بزووتنەوەی سەربەخۆیی هندستان ناونراوە كە بە بێ توندوتیژی، خەباتی ئاشتیخوازانەی كردە هۆكاری كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داگیركاری بەریتانیا، لە ئەمریكاش فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جۆن فیتزجێراڵد كێنیدی (JFK) بە ناوی 35مین سەرۆكی ئەو وڵاتەوە ناونراوە لە توركیا، فڕۆكەخانەی ئەتاتورك هەیە ساڵانێكی زۆر دەروازەی سەرەكیی ئەو وڵاتە بوو و بەناوی كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیاوە ناونراوە.
لە ئێرانیش، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی بە ناوی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ناونراوە، لە ئیسرائیل، فڕۆكەخانەی دەیڤد بن گوریۆن هەیە كە ئەویش بە ناوی دامەزرێنەر و یەكەم سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەوە ناونراوە، لە فەڕەنساش فڕۆكەخانەی شارل دیگۆل هەیە، كە سەرۆكی فەڕەنسا بووە لە ساڵانی نێوان 1959 بۆ 1969، لە باشووری ئەفریقاش فڕۆكەخانەی نێلسۆن ماندێلا هەیە كە نموونەیەكی ترە لەو نەریتی ناونانە.
ئەو هەنگاوە ئێستا لە هەرێمی كوردستانیش دەبینرێت، بەپێی بڕیارێكی رەسمی، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گۆڕدراوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، ئەو گۆڕانكارییەش وەك رێزلێنانێك بۆ سەرۆك مام جەلال كە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق بووە لە دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس و وەك سەركردەیەكی مێژوویی و كاریگەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، كە ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی و كۆكەرەوەی دەنگە جیاوازەكان لە عیراق و یەكێكیشە لە دیارترین كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد و عیراق.
سەرۆك مام جەلال بە هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان، پشتیوانیكردنی گفتوگۆ و ئاشتەوایی، و نزیككردنەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی عیراق ناسراوە، چاودێرانیش دەڵێن سەرۆك مام جەلال رۆڵی كاریگەری لە نیاتنانی دیموكراسی و دامەزراندنی پرۆسەی سیاسی عیراقی نوێ هەبووە.
گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەنها گۆڕینی ناوێك نییە، بەڵكو بەشێكە لە هەوڵی پاراستنی بیرەوەریی مێژوویی و ناساندنی میراتی كەسایەتییەكەیە كە كاریگەری لەسەر مێژووی كوردستان و عیراق هەبووە، بەو شێوەیەش، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی ئێستا دەچێتە ریزی ئەو فڕۆكەخانە ناودارانەی جیهان كە بەناوی سەركردە و كەسایەتییە مێژووییەكانەوە كراون، هەر میوانێكیش كە دەگاتە سلێمانی، لە یەكەم ساتەنەوە بە ناوێكی مێژوویی و نیشتمانی پێشوازی لێدەكرێت.



