بەرەبەیانی رۆژی 14 تەمموزی ساڵی 1958وەرچەرخانێكی گەورە عیراق و ناوچەكەی خستە قۆناغێكی نوێوە، كۆتایی بە سیستمێكی حوكمڕانی هێنرا و جۆرێكی تری دەسەڵات لە عیراقدا كاروباری گرتەدەست.

ئەو ڕۆژە ژمارەیەك ئەفسەری سوپای عیراق كە ناویان لەخۆیان نابوو ئەفسەرانی ئازادیخواز، نەخشەیەكی نهێنیان جێبەجێكرد و بەزەبری هێزی سەربازیی و پشتبەستوو بە پشتیوانیی خەڵكی عیراق، كۆشكی پاشایەتی و دامەزراوە گرنگەكانی حكومەتیان كۆنترۆڵكرد و لە ئەنجامیشدا دەسەڵاتی حوكمڕانییان لە پاشایەتییەوە گۆڕی بۆ كۆماریی.

روداوەكە بە هەموو پێوەرێكی ئەو سەردەمە و لە راونگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جەمسەرگیرییە سیاسییەكانەوە دژی ئیمپریالزم و كۆنەپەرستی بوو، عیراقی لە كۆمەڵێك پابەندیی رزگاركرد و تائێستاش لەزۆربەی ئەدەبیاتی سیاسی و مێژووییدا بە شۆڕشی چواردەی تەمموز ناسراوە.

گەلی كورد وەك نەیەوەیەكی گرنگی گەلانی عیراق پێشوازی لە شۆڕشەكە كرد، عەبدولكەریم قاسم كەسایەتیی یەكەمی جێبەجێكەر و بەرپرسیاری شۆڕشەكە بوو، چەندین ئەفسەری كوردیش لە ئەنجومەنی ئەفسەرانی ئازادیخواز ئەندام بوون.

گۆڕانكارییەكە لەسیستمی حوكمڕانیدا پێشبینی ئەوەی لێدەكرا ببێتە دەستپێكی قۆناغی ئازادی و گەشانەوە و پێشكەوتنی عیراق، چەندین هەنگاوی گەورەش بەو ئاراستەیە نران وەك ئازادكردنی تەواوی زیندانییە سیاسییەكان و لێبوردنی گشتی بۆ هەموو دوورخراوەكان، داڕشتنی دەستووری كاتی و مۆڵەتدان بە دامەزراندنی سەندیكا و كۆمەڵە پیشەیی و جەماوەرییەكان و دابینكردنی ئازادییەكانی رادەربڕین و ڕۆژنامەوانیی ئاشكرا.

گەلی كورد لەسایەی دەستووری نوێی عیراقەوە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا دان بە بوونیدا نرا وەك نەتەوەیەكی جیاواز و گەلێكی سەرەكی عیراق، دەقی بڕگەكەی دەستووریش دەڵێت كورد و عەرەب لەم وڵاتەدا هاوبەشن.

روداوەكەی چواردەی تەمموز، شۆڕش بوو، بەڵام ئەنجومەنی ئەفسەرانی ئازادیخواز بەرنامەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دیاریكراویان نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی عیراق، ئەوەش كۆنەپەرستان و نەتەوەییە شۆڤینییەكان و هێزە ناوچەییەكان و جیهانییەكان سوودیان لێ وەرگرت و بە چەندین پیلان و نەخشە لە دژی كەوتنە كار و شۆڕشەكە لە رێڕەوی خۆی لایدا، تاكڕەوی زاڵ بوو، دووبەرەكی و جەمسەرگیری جۆراوجۆر سەریان هەڵدا و حكومەت لە زوربەی بەڵێنەكانی پێشووی پەشیمان بووەوە، گەلی كوردیش زیانی زۆری پێگەیشت لەو پاشەكشەیەی شۆڕش و ناچاركرا بۆ بەرگریی لە دەستكەوتە نەتەوەییەكانی چەكی شۆڕش هەڵبگرێت.

سەرەنجام حكومەتەكەی عەبدولكەریم قاسم لە كودەتایەكی خوێناویی بەعسی و نەتەوەییەكاندا، لە 8ی شوباتی ساڵی 1963دا روخێنرا.

ئێستا كە 68 ساڵ بەسەر چواردەی تەمموزی ساڵی 1958 تێدەپەڕێت، ئەوەی بە نەگۆڕی ماوەتەوە راستی چارەنوسی گەلانە، راستی ئەوەی كە هیچ زەبر و زەنگێك ناتوانێت هەتاسەر دەنگی ئازادیخوازیی گەلانی زۆرلێكراو كپ و خامۆش بكات.