مۆبایلە زیرەکەکان دەبنە سیخوڕ بەسەر خاوەنەکانیانەوە؛ ئێران کەمپینێکی بەرفراوان بۆ چاودێریکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێدەکات و سێنتکۆمیش لە مەترسیی دزەکردنی زانیاریی سەربازەکانی هۆشداریدەدات.

لە سێبەر و چوارچێوەی گرژی و پێكدادانە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، چەند راپۆرتێکی میدیایی ئاشکرایان کردووە،  کێبڕکێ و ململانێی دیجیتاڵی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ، بە شێوەیەک ئێران کەمپینێکی رێکخراوی بۆ چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی مۆبایلی ئەو سەربازە ئەمریکییانە دەستپێکردووە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکراون.

رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئێران سود لەو داتا و زانیارییە جوگرافیانە وەردەگرێت کە لەلایەن ئەپڵیکەیشنە بازرگانییەکان و تۆڕەکانی ریکلامی دیجیتاڵییەوە کۆدەکرێنەوە، ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی جوڵە و شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

چاودێری بەبێ پێویستی بە هاککردن

بەپێی راپۆرتەکە، ئەم جۆرە سیخوڕی و چاودێریکردنە پێویستی بە هاککردنی راستەوخۆی سیستمە سەربازییە پارێزراوەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو تەنها پشت بە کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسایی ئەو ئەپ و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە دەبەستێت کە سەربازەکان رۆژانە لەسەر مۆبایلە تایبەتەکانیان بەکاریان دەهێنن، ئەمەش یارمەتی تاران دەدات وێنەیەکی روون و دروستی لەسەر شێوازی ژیانی رۆژانە، رێڕەوی هاتوچۆ و شوێنی کۆبوونەوەی هێزە ئەمریکییەکان دەستبکەوێت.

ئەم پەرەسەندنە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای لایەنە ئەمنییەکان دروستکردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی داتا بازرگانییەکان بۆ مەرامی هەواڵگری و سەربازی.

هۆشدارییەکانی سێنتکۆم

لەلای خۆشیەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' پێشتر هۆشداریی دابوو لە ئەگەری بەکارهێنانی داتای ئەپڵیکەیشنە بازرگانییەکان لەلایەن نەیارەکانیانەوە بۆ چاودێریکردن یان بەئامانجگرتنی هێزەکانیان لە ناوچەکانی ململانێدا، بە تایبەت لە کەنداو و گەروی هورمز کە گرژییەکان تێیدا لە لوتکەدان.

تائێستا لایەنە رەسمییەکانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم راپۆرتە نەداوە، هاوکات وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش 'پنتاگۆن' هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر قەبارەی ئەم کەمپینە سیخوڕییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئاشکرا نەکردووە.

ئەم روداوە تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگە ئەمنییە نوێیەکانی بەردەم سوپا مۆدێرنەکان لە سەردەمی جەنگی دیجیتاڵیدا، کە تێیدا مۆبایلە زیرەکەکان و ئەپڵیکەیشنە مەدەنییەکان بوونەتە مەترسییەکی گەورەی ئەمنی بۆ سەر ژیانی سەربازان.

کەمپینی هێرشی (SS7 Pings) چییە؟

بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن پڕۆژەی توێژینەوەی 'Mobile Surveillance Monitor' ـەوە دراونەتە فاینانشاڵ تایمز، تۆڕەکانی مۆبایلی ناوچەکە تووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناردنی داواکاریی گوماناوی بوونەتەوە کە پێی دەوترێت "SS7 pings".

پڕۆتۆکۆلی SS7 سیستمێکی کۆنە لە تۆڕەکانی پەیوەندیدا کە رێگە دەدات بە دیاریکردنی شوێنی نزیکەیی ئەو مۆبایلانەی کە هێڵی "رۆمینگ" (Roaming) بەکاردەهێنن کاتێک لە دەرەوەی وڵاتی خۆیانن.

چاودێرانی ئەمنی توانیویانە شوێنپێی ئەم داواکارییە سیخوڕییانە هەڵبگرن و بەشێکیان بەستراونەتەوە بە "کۆمپانیایەکی مۆبایلی ئێرانییەوە"، ئەمەش وەک پەنجەمۆرێک وایە کە بیسەلمێنێت هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە کراوە.

یاسادانەران و کۆنگرێس هۆشداریدەدەن

ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی توند لە کۆنگرێسی ئەمریکا. سیناتۆری دیموکراتەکان "رۆن وایدن" (Ron Wyden)، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە هۆشداریدان لەسەر مەترسییەکانی کڕینی داتای بازرگانی لەلایەن وڵاتانی ترەوە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە :ئەمە یەکەمجارە لە جەنگێکی راستەقینەدا نەیارەکانی ئەمریکا داتای بازرگانیی شوێنپێهەڵگرتن بەکاربهێنن بۆ بەئامانجگرتنی راستەوخۆی هێزەکانمان."

ئەمە یەکەمجار نییە کە تەکنەلۆجیای مەدەنی دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2018دا، دوای ئەوەی ئەپڵیکەیشنی وەرزشیی ناسراوی "Strava" نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا شوێنی راکردن و راهێنانی بەکارهێنەرانی دیاری دەکرد، بەهۆیەوە شوێنی ورد و نەخشەی ناوخۆیی چەندین بنکەی سەربازیی نهێنیی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان بۆ رای گشتی ئاشکرا بوو، لەو کاتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بەکارهێنانی سەعاتی زیرەک و جی پی ئێسی لە زۆربەی ناوچە هەستیارەکاندا قەدەغە کردووە، بەڵام دۆسیەی مۆبایلە شەخسییەکان هێشتا وەک گەورەترین درزی ئەمنی ماوەتەوە.