لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایدەکات، روسیا بەهۆی نەرمی و کەلێنەکانی یاسای دژە سیخوڕیی ژاپۆنەوە، ئەو وڵاتەی کردووەتە "بەهەشتی سیخوڕەکانی" بۆ قاچاخچیەتیی تەکنەلۆژیای سەربازی.

لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایدەکات، سەرەڕای سزاکانی سەر مۆسکۆ، روسیا لە رێگەی تۆڕێکی سیخوڕیی نهێنییەوە ژاپۆنی کردووەتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنان و قاچاخچێتیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی بۆ پیشەسازییەکانی خۆی.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کردووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی ئۆکراین، نزیکەی 90٪ی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا پێکهاتە و پارچەی تەکنەلۆژیی ژاپۆنییان تێدایە، کە لە رێگەی دەستەبژێرێکی سیخوڕی و کەلێنە یاساییەکانەوە گەیشتوونەتە دەست مۆسکۆ.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەم پرۆسەیە لەلایەن یەکەیەکی هەواڵگریی سەربازیی نهێنیی روسیاوە بەڕێوەدەچێت کە بە "بەڕێوبەرایەتیی بیستەم" سەر بە دەزگای (GRU) ناسراوە و پێشتر رۆڵی بە ئاشکرا نەزانراوە. ئەفسەرانی ئەم یەکەیە لە ژاپۆن لەژێر پەردەی کاری دیپلۆماسی یان بازرگانیدا کاردەکەن بۆ کڕین یان دزینی تەکنەلۆژیای هەستیار.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەقی ئەم تۆڕەدا ئەفسەرێکی هەواڵگریی روسی تەمەن 49 ساڵ هەیە بەناوی "ماکسیم ڤلادیمیرۆڤیچ  ڤیلچینکۆف" کە لە شوباتی 2024ەوە لەژێر ناونیشانی رەسمی کارمەندی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (ئایرۆفلۆت) لە تۆکیۆ جێگیر کراوە، ناوبراو تۆڕێکی بەهێزی لەگەڵ کۆمانیای لۆجستیی گواستنەوە دروستکردووە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان لە ژاپۆنەوە بۆ روسیا.

دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەکان دەڵێن، روسیا بۆ دەربازبوون لە سزاکان، ئەم تەکنەلۆژیا هەستیارانە لە رێگەی بەڵگەنامەی ساختە و هێڵە ئاڵۆزەکانی گواستنەوەوە لە رێگەی وڵاتانی سێیەمەوە وەک (سریلانکا، ئۆزبەکستان و ڤێتنام) دەگەیەنێتە ناوخۆی خاکەکەی بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی لە شەڕی ئۆکرایندا.

بۆچی ژاپۆن هەڵبژێردرا؟ (کەلێنە یاساییەکان):

ئاژاسنەکان ئاشکرایانکردووە، ژاپۆن وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی رۆژئاوا سزای توندی بەسەر روسیادا سەپاندووە، بەڵام یاساکانی دژە سیخوڕی لە ژاپۆن لە چاو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا نەرمترن.

یاسای ژاپۆنی رێگە بە دەستگیرکردنی سیخوڕەکان نادات مەگەر لە کاتی دزینی "نهێنیی رەسمیی دەوڵەت"دا بگیرێن، کڕینی پارچەی بازرگانی لە بازاڕەکاندا کە دواتر لە چەکدا بەکاردێن (تەکنەلۆژیای دوو بەکارهێنانی)، بە یاسایی رێگری لێکردنی قورسە.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دوای ئاشکرابوونی ئەم راپۆرتە، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر ژاپۆن بۆ توندکردنی چاودێریی سەر سنورەکان و دەرکردنی ئەو دیپلۆماتکار و کارمەندە روسیانەی گومانیان لێدەکرێت.

لەلای خۆشیەوە حکومەتی ژاپۆن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی لۆجستی و نێوەندگیری ناوخۆیی دەستپێکردووە کە گومانیان لێدەکرێت بەبێ ئاگا (یان لەپێناو قازانجی دارایی) هاوکاریی ئەم تۆڕە سیخوڕییەی روسیایان کردبێت.