تەنە فڕیوە نەناسراوەکان خەریکە لە گومانەوە دەبێتە راستی
رێبین
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
جارێكی تر وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، دۆسیەی تەنە فڕیوە نەناسراوەكانی هەڵدایەوە، دۆسیەیەك كە خەریكە لە گومانەوە دەبێتە راستی و نیشانەی پرسیار لەسەر داهاتووی مرۆڤ دادەنێت.
پێنتاگۆن بەڵگەنامە و ڤیدیۆی نوێی ئەو دیاردە ئاسمانییە نامۆیانەی بڵاوكردەوە كە لە چەندین ناوچەی جیهان، لەنێویاندا عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماركراون.
ئاشكراكردنی ڕاستییەكان لەژێر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دراوە وەك بەڵێنی پێش هەڵبژاردن بۆ خولی دووەمی ئیدارەی ئەمریكا.
پێنتاگۆن لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی بۆ ئاشكراكردن و شەفافییەت لە بابەتە نهێنییەكانی حكومەتی ئەمریكا، گەڕێكی نوێی هەمەجۆری لە 40 فایلی دەنگی، ڤیدیۆیی و بەڵگەنامەیی بڵاوكردەوە كە لە ئاژانسە ئەمنییەكانی وەك و وەزارەتی وزە و ناساوە كۆكراونەتەوە.
بەڵگەنامەكان لە ئێف بی ئای و سی ئای ئەی وەرگیراون و دەرخەری چەندین رووداوی سەیر و سەمەرەن، لەوانەش لە رووداوێكدا یەكێك لە تەنە نامۆكان دەچێتە ناو دامەزراوەیەكی چەكی ئەتۆمی لە ویلایەتی تەكساس كە بووە هۆی كەرەنتینەكردنی تەواوی بنكەكە.
ئەوەی بۆ عێراق و ناوچەكە گرنگە، لەم دۆسیانەدا ئاماژە بەوە كراوە نزیكەی نیوەی ئەم ڕووداوانە لە دوای ساڵی 2010ەوە لە ڕێگەی كامێرای فڕۆكە جەنگییەكانەوە لە زەریای ئەتڵەسی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماركراون.
گومان دەكرێت حاڵەتی دەركەوتنی تەنە نامۆكان زیاتر لە نزیك بنكە سەربازییە ئەمریكییەكانەوە بێت كە ژمارەیەكی زۆری ئەو بنكە سەربازیانە دەكەونە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عیراقیشەوە.
ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە پێشتر پێنتاگۆن و تیمی لێكۆڵینەوەی دیاردە نەناسراوەكان، دیمەنی ڤیدیۆیی تەنێكی شێوە گۆیی بڵاوكردەوە كە لە ساڵی 2016دا لەلایەن فڕۆكەیەكی سیخوڕیی ئەمریكییەوە لە ئاسمانی شاری مووسڵ لە عێراق لە كاتی شەڕدا تۆمار كرابوو، تا ئێستاش بە نەناسراوی ماوەتەوە.
هاوكات فایلە نوێیەكان وتەی فڕۆكەوانێكی سەربازیی ئەمریكی لەخۆدەگرن كە لە ساڵی 2019دا لەگەڵ چوار هاوكاریدا تەنێكی تیژڕەویان بینیوە.
بەپێی قسەی فرۆكەوانەكە، تەنەكە تایبەتمەندییەكانی فڕینی تەواو جیاواز بووە لە هەر شتێك كە لە ماوەی 28 ساڵی خزمەتی سەربازییدا لە هێزی ئاسمانی و دەریاییدا بینیویەتی، تەنەكە لە خوار ئەو فرۆكەوانەوە بووە و بە خێراییەكی زۆر رۆشتووە.
مێژووی ئەم بەڵگەنامانە گەڕانەوەی تێدایە بۆ كۆنفرانسی ساڵی 1949 لە لۆس ئالامۆس كە تێیدا زانا گەورەكانی فیزیا نەیانتوانیبوو ڕوونكردنەوە بۆ بەشێك لەو تەنە نامۆیانە بدەنەوە كە لە ئاسمانی تاقیگە ئەتۆمییەكاندا دەبینران.
پێنتاگۆن جەختیكردەوە كە ئەمە كۆتا بڵاوكراوە نابێت و لەگەڵ وەزارەتی جەنگ، خەریكی ئامادەكردنی بەشەكانی تری فایلە نهێنییەكانن بۆ بڵاوكردنەوەی بۆ ڕای گشتی، چونكە هێشتا سەدان دیاردەی ئاسمانی لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا هەن كە وەزارەتی جەنگ و پنتاگۆن ناتوانن هیچ لێكدانەوەیەكی زانستییان بۆ بكەن.



