لە ئەوروپا چی رودەدات؛ کۆتایی ئاشتیی درێژخایەن و سەرەتای ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ
بڵند
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
کیشوەری ئەوروپا، کە لە دەیان وڵاتی سەربەخۆ پێکدێت، خاوەن مێژوویەکی گەورەیە لە جەنگ و ململانێ، بەڵگەکانی مێژوو شاهیدی زیاتر لە دوو هەزار شەرە لەو کیشوەرەدا، لە ململانێی دەوڵەتەکانی یۆنانەوە تا جەنگی روسیا و ئۆکراین ئەمەش دەرئەنجامی جوگرافیاکەیەتی، کە بە دەوڵەتە پارچەپارچەکراوەکان ناسراوە و هەریەکەیان بە سنوور و سەروەری خۆیانەوە لکێنراون.
کیشوەرەکە،بەهۆی پەیوەندییە نەتەوەیی و ئایینییە هەمەچەشنەکان، ویستی فراوانخوازی، ململانێ لەسەر سەرچاوەکان و گۆڕانی بەردەوام لە هاوپەیمانییەکاندا، بەردەوام جەنگ بەشێک بووە لە مێژووەکەی و ئەوە بەشێک بوە لە واقیعی کیشوەرەکە.
کیشوەری ئەوروپا دوای چەندین دەیە لە ژیان لەژێر سێبەری ئاشتیی درێژخایەندا، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و روخانی یەکێتیی سۆڤییەتەوە دەستی پێکردبوو، ئێستا خۆی لەبەردەم کۆتاییهاتنی ئەو ژیانە خۆشەدا دەبینێتەوە و لەبەرانبەردا هەنگاو دەنێت بۆ قۆناغیكی نوێی جەنگ.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە دوای زنجیرەیەک بەئاگاهاتنەوەی هات، کە سەرەتاکەی لە جەنگی بۆسنەوە دەستی پێکرد و بە گرتنی نیمچەدوورگەی قرم لە ساڵی 2014 و دواتریش هێرشی گشتگیری روسیا بۆ سەر ئۆکراین گەیشتە لوتکە.
ئەم روداوانە بونە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە و زلەیەکی میهرەبانی بۆ بەخەبەرهاتنی وڵاتانی کیشوەرەکە، چونکە روداوەکان ئەوروپایان ناچار کرد، چاو بە سیاسەتی سەربازیی خۆیدا بخشێنێتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی دڵنیایی زۆرەوە بودجەی بەرگریی کەمکردبووەوە و سەربازیی زۆرەملێی هەڵوەشاندبووەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشە ئەمنییانە، ئەوروپا بە قۆناغێکی پاشەکشەی دیاردا تێپەڕ دەبێت، کە خۆی لە سستبوونی گەشەی ئابوری کەمبوونەوەی بۆ 1.1٪ لە ساڵی 2026 و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و قەیرانی وزەدا دەبینێتەوە، ئەمەش وای لە دوو لەسەر سێی خێزانەکان کردووە خەرجییە سەرەکییەکانیان کەم بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کیشوەرەکە روبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ئۆتۆکراسی( دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یاخود یەک گروپدا بێت) و داخورانی دیموکراسی بووەتەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، کرواتیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و بەریتانیا، لەگەڵ توندکردنەوەی دووبارەی سنورەکان بەهۆی فشاری کۆچی نایاسایی و گرژییە کولتورییە ناوخۆییەکان.
ئەمەش وایکردوە، وڵاتانی ئەوروپا بە ناچاری کەوتوونەتە ناو شەپۆلێکی مێژوویی پڕچەککردنەوە بەشێوەیەک، کە خەرجییە سەربازییەکانیان لە ساڵی 2020ەوە بە رێژەی زیاتر لە 98٪ زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بگاتە 454 ملیار یۆرۆ.
ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ئەوروپا، دوای لێدوان و فشارە توندەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هات، کە سیاسەتێکی بازرگانی و سزای بەرانبەر وڵاتانی وەک ئیسپانیا گرتەبەر و سێبەری پاراستنی ئەمریکای لەسەر ئەوروپا خستە ژێر پرسیارەوە، بە کشانەوەی هێزەکانی لەو کیشوەرە.
ئەم روداوانە، وایکردوە شرۆڤەکارانی ئەوروپی هۆشداری دەدەن لەوەی، کە دەبێت ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدا خۆی رابهێنێت، کە لە سایەی ئەمریکا بێتەدەرەوە و لە ئێستاشدا وڵاتانی کیشوەرەکە کۆبوونەوە و هەوڵەکانیان بۆ ئەو ئامانجەیە.
شرۆڤەکارانی سەرباز ئاماژەیان بەوەکردوە، لە ئێستادا ئەمریکا خۆی پێویستی بە هاوپەیمانی بەهێز و متمانەپێکراو هەیە،بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستا و داهاتوو، بەهێزبونی وڵاتانی ئەوروپا وادەکات پێگەی ناتۆ و توانای وەڵامدانەوەی ناتۆ بۆ روداوەکان زیاتر بێت.
لە کۆتاییدا هەرچەندە چەک و بودجەی سەربازی بۆ دروستکردنی هێزی بەربەست لە بەرانبەر روسیا یاخود هەر ئاڵنگارییەکی تری بەردەم ئەوروپا پێویستن، بەڵام چاودێران و شارەزایان جەخت دەکەنەوە، کە ئاسایشی بەردەوامی کیشوەرەکە تەنیا بە کڕینی چەک دەستەبەر نابێت، بەڵکو پەیوەستە بە بەهێزیی دامەزراوە دیموکراتییەکان، پاراستنی سەروەری یاسا و یەکڕیزیی سیاسی ناوخۆیی و زیندوکردنەوەی هەستی نیشتمانی لای هاووڵاتیەکانیان لە بەرانبەر ئاڵنگارییە دەرەکییەکاندا.



