پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی.. ساڵێک بەسەر گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ سیاسی تێپەڕدەبێت
سەعید
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
ساڵێك بەسەر رێوڕەسمی مێژوویی لەناوبردنی چەك لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی و جێبەجێكردنی بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی تێپەڕدەبێت، بەڵام بەهۆی بەربەستە یاساییەكان لە توركیا و هەموارنەكردنەوەی دەستووری وڵاتەكە پڕۆسەی ئاشتی بە سستی بەڕێوەدەچێت.
ساڵێك لەمەوبەر و بەدیارییكراوی لە 11ی تەمموزی 2025دا، 30 گەریلای ئەندامی گروپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كە پێكهاتبوون لە 15 ژن و 15 پیاو، بە پێشەنگی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە، بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەكەكانیان لەناوبرد.
ئەو گروپە لەو چالاكیەیاندا، كە بە گرنگترین هەنگاوی پڕۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و توركیا دادەنرێت رایاگەیاند، لە ئێستا بەدواوە لەپێناوی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزم لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، چەكەكانی خۆیان بە ئیرادەی ئازادی خۆیان لەناودەبەن.
دەستپێكی پڕۆسەی ئاشتی و بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی بە شێوەیەكی كردەیی لە 1ـی تشرینی یەكەمی 2024، بە تەوقەیەكی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا-مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان-دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا دەستیپێكرد.
دواتریش عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە لە بانگەوازێكی مێژوویدا، لەژێر ناوی پەكەكە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی، بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیی" لە 27ـی شوباتی 2025دا راگەیاند و پەكەكەش لە وەڵامی بانگەوازەكەدا لە رۆژانی 5 و 7ـی ئایاری 2025، كۆنگرەی 12ـەمینی خۆی بەست و تیایدا بڕیاریدا كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت.
وەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەكەش، لە 11ـی تەمموزی 2025دا، لەبەردەم ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رێوڕەسمێكی سیمبولی بۆ چەكسوتاندن بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێكی ڤیدیۆیی ئۆجەلان كە یەكەمین دەركەوتنی بوو لە دوای ساڵی 1999ـەوە.
سووتاندنی چەك لەلایەن ئەو گرووپەی پەكەكەوە كاردانەوەی زۆری ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لێ كەوتەوە و پێشوازییەكی بەرفراوانی لێكرا. گرنگترینیشیان جەختكردنەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لەسەر ئەوەی، سوتاندنی چەك لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی هەنگاوێكی مێژووییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش وتی، پڕۆسەی سوتاندنی چەكەكان هەنگاوێكی گرنگ بوو لە هەوڵەكانی گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی. هەر یەك لە وەزارەتەكانی دەرەوەی عیراق و ئەمریكاش پێشوازیان لە هەنگاوەكەی پەكەكە كرد و بە دەرفەتێكی راستەقینەیان زانی بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو رێوڕەسمەدا، هێشتا هیچ یاسایەكی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی یان گەڕانەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ توركیا دەرنەچووە. كەجەكەش ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ تێڕوانینێكی ئۆجەلان و پارتەكەیان لەسەر دەقە یاسایی و دەستوورییەەكان بە هەند وەرنەگیراوە، بەبێ بەخشینی مافی هیوا و دەستەبەركردنی ئازادیی فیزیكی بۆ ئۆجەلان، كەس ناتوانێت بڕیاری چەكدانانی تەواوەتیان پێ جێبەجێبكات یان واقعێكی لەو جۆرەیان بەسەردا بسەپێنێت.



