رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە. دوای كۆچی دوایی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، كە بۆ ماوەی 37 ساڵ دەسەڵاتی رەهای لە تاران هەبوو، ئێستا وڵاتەكە چووەتە قۆناغێكی نادیار و پڕ لە فشار. موجتەبا خامنەیی، كوڕی رابەری پێشووی وڵاتەكە، لە رەوشێكی ئاڵۆزدا كە جەنگ و قەیرانی ئابووری رووی تێكردووە، جڵەوی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

 ئەم گۆڕانكارییە تەنها گۆڕینی كەسایەتییەك نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكی سەختە بۆ مانەوەی سیستمێك كە لە ساڵی 1979ـەوە بەردەوامە و ئێستا لە هەموو كات زیاتر رووبەرووی مەترسی بووەتەوە.

عەلی خامنەیی لە تەمەنی 86 ساڵیدا و لە شوباتی 2026، لە كاتی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران كوژرا. ئەو لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا هەموو جومگەكانی دەوڵەتی گۆڕی، لە دامەزراوە ئایینییەكانەوە تاوەكو سوپای پاسداران.

 بەپێی راپۆرتەكان، لە ساڵانی كۆتایی دەسەڵاتیدا رووبەرووی ناڕەزایەتییەكی توندی ناوخۆیی بووەوە، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەكانی مانگی یەكـی رابردووی ئێران، ئەمەش شەرعییەتی سیستمەكەی خستە ژێر پرسیارەوە. رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی لە شاری مەشهەد، تەنها كۆتایی مەراسیمێكی پرسە نەبوو، بەڵكو كۆتایی سەردەمێكی پڕ لە ململانێ بوو.

موجتەبا خامنەیی كوڕی كە لە مانگی "سێ"وە وەك رابەری نوێ دەستنیشان كراوە، تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی رەسمی لە میدیاكاندا دەرنەكەوتووە و وتارێكی پێشكەش نەكردووە. لێپرسراوانی تاران باس لەوە دەكەن كە ئەو بەهۆی پاراستنی ئەمنییەوە لە پەناوە كارەكان بەڕێوە دەبات. لەم قۆناغەدا، سوپای پاسداران رۆڵێكی گەورەتر دەگێڕێت و دەسەڵاتی بە سەر دۆسیە ئەمنی و سیاسییەكاندا فراوانتر كردووە. چاودێران پێیان وایە كە موجتەبا ناچارە زیاتر پشت بە دامەزراوە سەربازییەكان ببەستێت بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵات لە بەرامبەر فشارە دەرەكییەكاندا.

یەكەم تاقیكردنەوەی سیاسیی موجتەبا، رێگەدان بوو بە مەسعود پزیشكیان بۆ ئیمزاكردنی یاداشتێكی تێگەیشتن بە مەبەستی كردنەوەی گەرووی هورمز و دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن. هەرچەندە ئەو لە راگەیاندراوێكی نووسراودا رایگەیاندك لەگەڵ رێككەوتنەكە نییە، بەڵام رێگەیدا ئەنجام بدرێت بۆ سوككردنی سزاكان و گێڕانەوەی داراییە بلۆككراوەكان.