مانگی حوزەیرانی رابردوو بە تۆماركردنی تێكڕای پلەی گەرمی 20.74 پلەی سیلیزی بوو بە گەرمرترین مانگ لە مێژووی ئەوروپادا و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا، شەپۆلی گەرما بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ هەزار و 900 كەس.

ئەوروپا روبەڕووی گەرمترین مانگ بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا، خەڵك بەگشتیی بۆ كاری پێویست نەبێت ناچنە دەرەوەی ماڵەكان و زۆرینەی ئەو كارانەشی لە ژینگەی دەرەوە ئەنجامدەدرێن، راگیراون.


زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەڵمانیا تۆماركراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پێنج هەزار و 120 كەس لەو وڵاتە بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، بەدوای ئەویشدا فەرەنسا دێت، كە 2025 كەس لەو وڵاتەدا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی ئەوروپا رێگەیان بە كارمەندەكانیان داوە لە ماڵەوە كار بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرینەی ئەو كارانەی لە ژینگەی دەرەوەدا دەكرێن راگیراون، یان لانیكەم لە نیوەڕواندا ئەنجام نادرێن، بۆ نمونە؛ لە فەرەنسا ئەو كەسانەی لەرێگەی ماتۆڕسكیل و پاسكیلەوە كاری گەیاندن دەكەن، لە نیوەڕواندا كار ناكەن.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی شەپۆلی گەرمای ئەوروپا بە بكوژە بێدەنگەكە ناودەبات. 

پڕۆگرامی كۆپەرنیكۆسی جیهانیش تایبەت بە كەشوهەوا راپۆرتی خۆی لەسەر گەرمای ئەوروپا بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: مانگی رابردوو گەرمترین حوزەیران بووە لە مێژووی ئەوروپادا و تێكڕای پلەی گەرمی لە رۆژئاوای ئەوروپا گەیشتووەتە 20.74 پلەی سیلیزی.

لەو بارەیەوە سامانسا بۆرگس لێپرسراوی ستراتیژیی كاروباری كەشوهەوا لە كۆپەرنیكۆس رایگەیاندووە، ئێستا گۆڕانی كەشوهەوا لە گرفتێكی ئامار و ناو راپۆرتەكانەوە بووەتە هەڕەشەیەكی جدی و رۆژانە و ئەگەر رێكاری خێراشی بۆ نەگیرێتە بەر، ئەو شەپۆلانە بەشێوەیەكی توندتر دووبارە دەبنەوە و زیانی گەورەیان لێدەكەوێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندە جیهانییەكان تایبەت بە كەشوهەوا، ئەوروپا دوو هێندە خێراتر لە هەر شوێنێكی تری جیهان گەرم دادێت و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداری داوەتە حكومەتەكانی ئەو كیشوەرە هەنگاوی خێرا بگرنە بەر بۆ روبەڕووبوونەوەی گەرما.

یەكێك لەو هەنگاوە خێرایانەش كەمكردنەوەی فڕێدانی گازە ژەهراوییەكانە بۆناو ژینگە و گەیشتنە بە ئاستی كاربۆنی سفر تا ساڵی 2050، هەروەها زیادكردنی رێژەی سەوزایی بۆ ئاستێك، كە دەردانی ئەو گازە ژەهراوییانە بۆناو ژینگە سفر بكاتەوە.