لە كاتێكدا عیراق بەدەست قەیرانی دارایی و ناجێگیریی بەهای دراوەكەیەوە دەناڵێنێت، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و واشنتۆن پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی پڕ لە فشار و مەرجداركردن.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ كە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكی و عیراقییەوە بڵاوكراوەتەوە، حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێكاری توندی دارایی نوێ بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە دۆلارییەكان كە دەگەنە دەست ئێران و گروپە چەكدارییەكان.

ئەو هەنگاوەش لە بەرانبەر بڕیارێكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دێت بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی چوار مانگە لەسەر ناردنی  دۆلار بۆ بەغداد.

رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، پشتگیری كۆشكی سپی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە دورخستنەوەی گروپە چەكدارەكان لە پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو مەرجدار كراوە، ئەوەش بەمەبەستی كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لە عیراق.

هەر ئەوەش وایكردووە، سەرۆك وەزیران فەرمانی بەو گروپانە بکات کە چەكەكانیان رادەستی حکومەت بكەن و بچنە ژێر ركێفی دەوڵەتەوە.

شیكەرەوانیش هۆشداریدەدەن، ئەو داواكارییانەی ئەمریكا تێچوویەكی سیاسی گەورەی بۆ زەیدی دەبێت و پرۆسەی بێهێزكردنی ئەو گروپانە زۆر خاو دەبێت، چونكە سەرۆك وەزیرانەکانی پێشتریش بەهۆی قورسایی و پێگەی ئەو گروپانە لە ناو پەرلەماندا نەیانتوانیوە روبەڕوویان ببنەوە.

ئەو گروپانە دوای داگیركاریی ئەمریكا لە ساڵی 2003 و دواتریش لە شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 بوونە هێزێكی سەرەكی و لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك كران، ئێستاش بەشێكیان لە ناو سیستمی ئەمنیی رەسمی دەوڵەتدان.

یاساكانی واشنتۆن رێگە نادەن ئەو گروپانەی لە لیستی تیرۆردان، موچە لە گەنجینەی دەوڵەت وەربگرن، بەڵام تێكەڵاوییەك لە نێوان هێزە رەسمییەكان و گروپەكان هەیە. 

لێكۆڵەران ئاشكراشیانكردووە، سەركردەی گروپە چەكدارەكان سود لە موچەی سەربازە بندیوارەكان، ئەو ناوانەی تەنها لەسەر كاغەزن و بوونی راستەقینەیان نییە، وەردەگرن بۆ دابینكردنی دارایی خۆیان.

لە لایەكی دیكەشەوە، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری حەیدەر عەبوودی وتەبێژی سەرۆك وەزیران و مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی بڵاویكردەوە، ئەمریكا ناردنی بارە دۆلارەكانی بە رێگەی ئاسمانی بۆ عیراق دەستپێكردووەتەوە. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە مانگی نیسانی رابردوودا واشنتۆن بارێكی نەقدی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار راگرت و بەشێك لە هاوكارییە ئەمنییەكانی هەڵپەسارد، وەك ئامرازێكی فشار بۆ سەر حكومەتی بەغداد.