دۆسیە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران یەکێکە لە دۆسیە ئاڵۆزە دیپلۆماسییەکان
کەژان
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
دۆسیەی داراییە بلۆككراوەكانی ئێران لە قەتەر، كە بەها كەی دەگاتە شەش ملیار دۆلار، وەك یەكێك لە ئاڵۆزترین دۆسیە دارایی و دیپلۆماسییەكان لە قەڵەم دەدرێت، لەكاتێكدا تاران بەنیازی گەرانەوەیەتی و ئەمریكاش مەرجی هەیە بۆ ئازادكردنی.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو شەش ملیار دۆلارە لە قەتەر ئازاد دەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، بێئەوەی ووردەكارییەكەی ئاشكرا بكات.
لەلایەكی دیكەوە، ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەختی كردەوە، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو داراییە بلۆككراوانە نەگوێزراوەتەوە بۆ تاران و پرسی ئازادكردنی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە پێشكەوتنی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش پێشتر چەند جارێك باسی لەوەكردبوو كاتێك ئەو پارە بلۆكراوانە ئازاد دەكەن، كەتەنها بۆ كڕینی كاڵای ئەمریكی بەكاربێن.
ئەو داراییانەی ئێستا لە هەژمارە بانكییەكانی قەتەردان، نوێ نین، بەڵكو بەشێكن لە تۆڕێكی گەورەی دارایی بلۆككراوی ئێران لە جیهاندا، كە سەرچاوەكەی بۆ داهاتی هەناردەكردنی نەوت دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی ئەمریكا سزای گشتگیر بەسەر ئێراند بسەپێنێت.
چیرۆكی گەیشتنی ئەو پارانە بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ پاییزی ساڵی 2023، كاتێك نێوەندگیریی قەتەر سەركەوتوو بوو لە ئەنجامدانی گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا.
لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا، واشنتۆن رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادكردنی بڕی شەش ملیار دۆلار كە لە بانكەكانی كۆریای باشووردا بلۆككرابوون، و گواسترانەوە بۆ هەژمارێكی تایبەت لەژێر چاودێری بانكی ناوەندی قەتەردا.
بەپێی خەمڵاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتی و پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی، ئەو بڕە تەنها بەشێكی بچووكە لە سامانە بلۆككراوەكانی ئێران لە جیهاندا كە بە 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دوای ماوەیەك لە دانانی پارەكان لە قەتەر، رەوشی سیاسی ناوچەكە گۆڕا؛ دوای هەڵكشانی گرژییەكانی ناوچەكە و وەستانی دانوستانەكان، بڕیارێكی ئەمریكی دەرچوو بۆ دووبارە بلۆككردنەوەی ئەو پارانە و تا ئێستاش هەژمارەكە بە داخراوی ماونەتەوە.
چاودێرانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیانوایە ، ئەو پارانە ئەگەر ئازادیش بكرێن، ناچنە گەنجینەی ئێرانەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، زیادكردنی مووچە یان كاروباری سەربازی، چونكە بەپێی مەرجەكانی ئەمریكا دەبێت تەنها بۆ كڕینی پێداویستییە مرۆییەكان خەرج بكرێن.
گەرانەوەی ئەو برەپارەیە بەستراوە، بە گۆڕانكارییە سیاسییەكانەوە چارەنووسیان لە نێوان هیوای تاران، مەرجە توندەكانی واشنتۆن و بێلایەنیی نێوەندگیریی قەتەردا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانەكەی ترەمپ لە بارەی كۆتایی هاتنی ، لێكتگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران



