حكومەتی عیراق لە دۆسیەی روبەروبونەوەی گەندەڵیدا رووبەڕووی بەربەستی سیاسی دەبێتەوە
کەژان
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئۆپراسیۆنی دژ بە گەندەڵی لە عیراق كە لەلایەن حكومەتەكەی عەلی زەیدییەوە دەستیپێكردووە، ناكۆكی لە نێوان حكومەت و سەركردەكانی پارتە شیعەكاندا دروستكردووە و كە پێدەچێت ببێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی دۆسییەكانی گەندەڵی.
بەپیی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات رێوشوێنەكانی دەستگیركردن و دادگاییكردنی گەندەڵكاران بەپێی بەرژەوەندی خۆی دابڕێژێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵە پێدەچێت تووشی بەربەست بێت بەهۆی ویستی ئەمریكاوە بۆ بەكارهێنانی ئەو ئۆپراسیۆنە بە مەبەستی وشككردنی سەرچاوەكانی قاچاخكردنی پارە بۆ ئێران.
هاوكات، زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، دەسەڵاتداران دەستیانكردووە بە رێككەوتن و پێكهاتن لەگەڵ ژمارەیەكی دیاریكراو لە تۆمەتباران، بەو مەرجەی پارە دزراوەكان بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، نیگەرانە لەو ئۆپراسیۆنەو پێیوایە ئەو ئۆپراسیۆنە بە شێوەیەكی راستەوخۆ تەنهائەوان دەكاتە ئامانج.
ئۆپراسیۆنەكە دەستگیركردنەكان ترسی گەورەی لەناو پەرلەمانتاراندا دروستكردووە، بە جۆرێك هەندێكیان لە ترسی دەستگیركردن خۆیان لە ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەدزنەوە، لایەنەكان سەرۆكی پەرلەمان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بەشێوەیەكی بێلایەن كاری نەكردووە، پارێزگاری لە هەندێك پەرلەمانتار دەكات و پارێزبەندی لەسەر هەندێكی تر لادەبات.
لەم چوارچێوەیەدا، سەمیعە غەلاب، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، بە توندی رەخنەی لە شێوازی دەستگیركردنی پەرلەمانتاران گرت و شێوازەكەی بە نمایش وەسفكرد، دواتر، پارتی تەقەدووم دژایەتی خۆی بۆ لێدوانەكانی ئەو پەرلەمانتارەی نیشاندا و سزای لێپرسرینەوەی بەسەردا سەپاند.
چاودێرانیش پێیانوایە، پارتە سیاسییەكان سیاسیەتێكی دژبەیەك بەكاردەهێنن لەلایەك دەیانەوێت ئەو ئۆپراسیۆنە نەگاتە كەسایەتیە هەستیارەكان، لە لایەكی دیكەوە دەیانەوێت بە گێرانەوەی ئەو پارەیە و دەستگیكردنی چەند كەسێك توڕەی شەقامی عیراقی دابمركێنەوە و قەربووی ئەو زیانە بكەنەوە كە بەهۆی گەندەڵییەوە لە ساڵانی رابردوودا بە رناوبانگی عیراق كەتووە



