لە 23 ساڵدا زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار لە عیراق بەتاڵان براوە
هەساو ئەمیر
٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
راوێژكاریی یاسایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دۆسیەی بەتاڵانبردنی پارەی 23 ساڵی عیراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: تائێستا دوو ترلیۆن دۆلار بەتاڵانبراوە.
لە رۆژی 28ی حوزەیرانەوە ئۆپەراسیۆنێك بۆ دەستگیركردنی دەیان لێپرسراوی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی، بووەتە جێی بایەخی میدیا ناوخۆی و جیهانیەكان.
بەپێی ئەو داتایانەی تا ئێستا راگەیەندراوە، تەنها لەو ئۆپەراسیۆنەدا، دەست بەسەر نزیكەی 130 ملیۆن دۆلاردا گیراوە، ئەوە جگە لە سەدان كیلۆ خشڵ و ئۆتۆمبێل و ڤێلا و كەلوپەلی گرانبەها.
مونیر حەداد راوێژكاریی یاسایی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایكردووە، كۆی گشتی پارە دزراوەكانی عیراق لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا دەگاتە زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار.
بەپێی لێدوانەكەی مونیر حەداد بێت، هەر 100 دۆلارێك بە نرخی 150 هەزار دینار بشكێنرێتەوە و دابەش بكرێت بەسەر ژمارەی دانیشتووانی عیراقدا، هەر تاكێك 65 ملیۆن و 49 هەزار دیناری بەردەكەوێت.
خۆ ئەگەر ئەو پارەیە تەرخان بكرایە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زاكۆ و پەیمانگەكان، ئەوا تەنها بە 7.8%ی ئەو دوو ترلیۆن دۆلارە دەتوانرا لە ساڵی 2014ـەوە هەموو ساڵێك سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان كە ژمارەیان دەگاتە 250 هەزار كەس بە تێكڕای موچەی یەك ملیۆن دینار دابمەزرێنرێن.
ئەگەر كێشەی كرێنشینی لە عیراق كۆتایی پێبهێنرێت، ئەوا تەنها بە 5.47%ی ئەو دوو ترلیۆن دۆلارە، دەتوانرێت خانووی مۆدێرن بۆ سەرجەم كرێنشینانی عیراق دابینبكرێت.
ئاشكراكردنی دزینی پارەی زەبەلاح لە عیرادا كەیسێكی نوێ نییە، لە ساڵی 2022شدا دۆسیەی دزیی سەدە جارێكی تر شەقامی عیراقی هەژاند، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان، قەبارەی دزییەكە گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن دیناری عیراقی كە هاوتایە بە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار و لەرێگای 247 كارتیی بانقی و بە هاوكاریی ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای پێشوو لە بانكی رافیدەیندا بە ناوی كۆمپانیای وەهمییەوە دزرابوون.
ئەو دزیەشی ئێستا لە عیراقدا كراوە، وەك مونیر حەداد باسی لێوەدەكات، هاوشێوەی دزیی سەدە لە لۆژیك دەرچووە و ناتوانرێت تەنها تۆمەتی گەندەڵی و دزینی پارەی بدرێتە پاڵ، بەڵكو ئاماژەیەكی روونە بۆ سپیكردنەوەی پارە.



