عیراق و سووریا ڕێككەوتنێكی ستراتیژی ئیمزا دەكەن و نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس وەك جێگرەوەیەك بۆ گەرووی هورمز دەخەنەڕوو.

ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای عیراقییە بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاوكارییەكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، بەتایبەت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاس و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان.

ئامانجی سەرەكی عیراق لەم ڕێككەوتنە، دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی ئارام و بەردەوامە بۆ گەرووی هورمز بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی گرژییە هەرێمییەكان و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل.

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندووە كە دەیانەوێت ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەننە حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا پێش بەرپابوونی ئەم جەنگە، توانای هەناردەی ڕۆژانەی عیراق زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بووە.

كاراكردنەوەی ئەم بۆرییە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ئاستی هەناردەكردن.

بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس مێژوویەكی كۆنی هەیەو لە ساڵی 1934 بە تیرەی 12 ئینج و توانای 85 هەزار بەرمیل دروستكرا، دواتر و لە ساڵی 1952 بۆ 16 ئینج فراوانكرا و لە كۆتایی شەستەكانیشدا دوو بۆری 30 بۆ 22 ئینجی لێدرا. 

بەڵام لە ساڵی 1982 بەهۆی پشتیوانیكردنی سووریا لە ئێران لە جەنگی عیراق-ئێراندا، هەناردەكردنەكەی ڕاگیرا. 

لە ساڵی 2007یشدا هەوڵێكی دیكە بۆ دروستكردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی بانیاس كەركوك لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی ڕووسی درا، بەڵام لە 2009 بەهۆی گرانی تێچووەوە هەڵوەشایەوە.

ئێستا بۆرییەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی هەمەلایەنە هەیە، لەناو خاكی سووریادا درێژییەكەی 850 كیلۆمەترە و بەتەواوی پێویستی بە كاركردنە. 

لە دیوی عیراقیشەوە بۆرییەكە دوو بەشە، بەشی كەركووك بۆ بێجی كە 120 كیلۆمەترە، كێشەی نییە و بە تیرەی 42 ئینج توانای گواستنەوەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بەڵام بەشەكەی دیكەی پێویستی بە چاككردنە، وەك ئەوەی محەمەد بەشیر لە ئابی ساڵی ڕابردوودا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری پێشووی نەوتی عیراقدا ئاماژەی پێ دابوو.

ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ عیراق گرنگ نییە، بەڵكو لە ڕووی ئابوورییەوە سوودێكی گەورە بە سوریا دەگەیەنێت، بەو پێیەی دیمەشق ساڵانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار وەك كرێی تێپەڕبوونی نەوتەكە لە عیراق وەردەگرێت، ئەمەش پاڵپشتییەكی دارایی باش دەبێت بۆ ئابووری وڵاتەكە لەم قۆناغە نوێیەدا.