لە وڵاتانی ئەسكەندەنافیەوە بۆ چیاكانی ئەلب، ئەوروپییەكان روبەروی شەپۆلێكی بەهێزی گەرما بوونەتەوە و سەدان كەس گیانیانلەدەستداوە، تا ئێستاش بەرزترین پلەی گەرما لە ئەڵمانیا تۆمار كراوە كە 41 پلەی سەدی تێپەڕاندووە.

بەپێی دوایین راپۆرتی كەشناسی ئەوروپی_كۆپەر نیۆكس ، رۆژی شەممە هەریەك لە ئەڵمانیا و دانیمارك و چیك لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمادا ژمارەی پێوانەییان تۆمار كردووە سویسرا و فەرەنسا و بەریتانیاش رۆژانی رابردوو بە هەمان شێوە بوون.

بەپێی راپۆرتەكە، رۆژی شەممە لە  بەرلین پلەكانی گەرما گەیشتوونەتە 39 پلەی سیلیزی، لە شارۆچكەی موكیرن درفیتسی هەرێمی سەكسۆنیاش پلەی گەرما گەیشتوەتە 41.5 پلەی سیلیزی، ئەوەش بەرزترینە لەدوای ساڵی 2019.

لە دانیماركیش پلەی گەرما 37 پلەی سیلیزی بووە ئەوەش بەزرترین پلەیە كە لە ساڵی 1874وە لە دانیمارك تۆمار دەكرێت، لە هەندێك ناوچەی چیكیش پلەی گەرما گەیشتوەتە 40.8 پلەی سیلیزی، لە پۆلەنداش پلەكانی گەرما زیاتر لە 30 پلەی سیلیزییان تۆمار كردووە.

ئەو شەپۆلە توندەی گەرما لە ئەوروپا زیانیی گیانیی گەورەی لێكەوتوەتەوە و بەپێی ئامارەكان تا ئێستا لە فەرەنسا نزیكەی هەزار كەس گیانیانلەدەستداوە كە بەشێكی زۆریان منداڵ و بە تەمەنن، لە ئیسپانیاش 327 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار كراوە و لە ئیتاڵیاش 4 كەس بە هەمان هۆكار گیانیان لەدەستداوە، لە بەریتانیاش 5 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار كراوە، جگە لە هەڵوەشانەوەی سەدان گەشتی ئاسمانی.

لە چوارچێوەی رێكارەكانیشدا بۆ رێگریكردن لە زیانەكانی گەرما، لە ئیتاڵیا ئەوپەری هۆشداری بڵاوكراوەتەوە بە تایبەت لە شارەكانی میلانۆ و رۆما و تۆرینۆ  و پۆلۆنیا و فلۆرەنسا.

لە چەند وڵاتێكی ئەوروپیش بەهۆی شەپۆلی گەرماوە، بەشێكی زۆر لە گەشتی شەمەندەفەرەكان و خوێندن  و دەوام راگیراوە.

بەپێی روانگەی رۆیتەرز بۆ كەشوهەوا، گەرماكەی ئەوروپا بەهۆی دیاردەیەكەوەیە كە بە دیاردەی ئۆمیگا بلۆك دەناسرێت، ئەویش بریتییە لە قەتیسبونی پەڵەیەكی گەورەی هەوای گەرم لەسەر چەند ناوچەیەك بۆ ماوەیەكی دورودرێژ، لەكاتێكدا چەند پەڵەیەكی ساردتر لە دەوروبەری هەن و رێگا نادەن پەڵە گەرمەكە بڵاوە بكات.

بە وتەی شارەزایان ئەو شەپۆلی گەرمایەی ئێستا لە ئەوروپا سەریهەڵداوە، سەد هێندەی ئەو گەرمایەیە كە لە دوو دەیەی رابردوودا لە ئەوروپا هەبووە.