خولی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كۆتایی هات
لازیا عەلی
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
خولی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە وڵاتی سویسرا بە كۆتایی هات، ئەمەش دوای رەوشێكی پڕ لە گرژی كە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و لێدوانە توندەكانی دۆناڵد ترەمپ.
لێپرسراوانی قەتەر و پاكستان وەك نێوەندگیر رایانگەیاند، هەردوو لا گەیشتوونەتە نەخشەڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا. ئەم دانوستانانەی كە لە هاوینەهەواری "بۆرگنشتۆك" لە سویسڕا بەڕێوەچوون، هەوڵێكی دیپلۆماسی چڕن بۆ رێگریكردن لە تەقینەوەی زیاتری رەوشەكە و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان و زامنكردنی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكاندا.
دانوستانەكان رۆژی یەكشەممە بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و لێپرسراوانی باڵای ئێران دەستیان پێكرد. بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆكان تا سەعاتەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون و تێیدا جەخت لە درێژكردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژی تر كرایەوە. لە كاتێكدا میدیا ئێرانییەكان باسیان لە جێهێشتنی هۆڵی كۆبوونەوەكان دەكرد بەهۆی فشارەكانەوە، دیپلۆماتە ئەمریكییەكانیش جەختیان كردەوە كە وەفدی ئێرانی لە دانوستانەكان نەكشاونەتەوە و تیمی تەكنیكی بۆ ماوەی هەفتەیەك لە سویسرا دەمێننەوە بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە.
سەبارەت بەئەنجامی دانوستانەكان عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە تاران گەرەنتی بۆ هەناردەكردنی نەوت و بەرهەمە پترۆكیمیاییەكان و ئازادكردنی بەشێك لە داراییە بلۆككراوەكانی وەرگرتووە. ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە كە رەوشی گەرووی هورمز نیگەرانییەكی زۆری دروست كردووە؛ بەپێی داتاكانی كۆمپانیای "كێپلەر"، ژمارەی ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێپەڕیون لە 26 كەشتییەوە بۆ تەنها 5كەشتی لە رۆژێكدا كەمی كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران رایگەیاندبوو هاتوچۆی دەریایی رادەگرێت تا ئەو كاتەی لایەنەكان پابەندی بەڵێنەكانیان دەبن لە لوبنان.
ئەوەش لەكاتێكایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فشارەكانی بۆ سەر تاران زیاد كردووە و هۆشداری داوە كە ئەگەر ئێران رێگری لە گروپە چەكدارەكانی لوبنان نەكات، ئەوا واشنتۆن بە توندی هێرش دەكاتەوە سەر ئەو وڵاتە هیچ شوێنێكیان نابێت پێی بڵێن وڵات، سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، جەی دی ڤانس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند كە ترەمپ داوای لێكردوون لاپەڕەیەكی تر لە پەیوەندییەكان لەگەڵ گەلی ئێراندا هەڵبدەنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی دژبەیەكی لە سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر تاران كە لە نێوان هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسییەتدا یاری دەكات.



