پێنتاگۆن داوای 80 ملیار دۆلار دیكە دەكات بۆ تێچووی جەنگی ئێران و خەرجییەكانی تر
کەژان
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) داواكارییەكی پێشكەشكردووە بۆ بەدەستهێنانی 80 ملیار دۆلار بە مەبەستی داپۆشینی تێچووی جەنگی دژ بە ئێران و چەند خەرجییەكی دیكەی سەربازی.
بەپێی زانیارییەكان، ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لەم هەفتەیەدا پەیوەندی بە یاسادانەرانی كۆنگرێسەوە كردووە لەژێر گوشاری ئەندامانی كۆنگرێس لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ پێشكەشكردنی خەمڵاندنێكی گشتگیر لەسەر تێچووی جەنگەكە.
یاسادانەرانی ئەمریكا نیگەرانن لەوەی سوپا ئەو تەقەمەنییە بەپێزانە بەكاربهێنێت و تەواو ببێت كە رەنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی دیكە لە ناوچەكانی تری جیهاندا پێویست بن.
سەركردەكانی پێنتاگۆن هۆشدارییانداوە، ئەگەر كۆنگرێس پڕۆژەیاسای نوێی خەرجییە سەربازییەكان پەسندنەكات، لەم هاوینەدا ئەو پارانەی بۆ ئۆپەراسیۆنەكان تەرخانكراون تەواو دەبن.
بەهۆی جەنگی ئێران و بڵاوەپێكردنی هێزەكان لەسەر سنوورە باكوور و باشوورییەكانی ئەمریكا، سوپا ناچار دەبێت مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەكان و ئەولەویەتەكانی دیكەی كەمبكاتەوە.
پێویستە هەر داواكارییەكی تری پێنتاگۆن، پێش ئەوەی رەوانەی كۆنگرێس بكرێت، لەلایەن نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجەی كۆشكی سپییەوە پەسند بكرێت.
شایانی باسە بودجەی ئێستای پێنتاگۆن بۆ ساڵی دارایی 2026 نزیكەی یەك تریلیۆن دۆلارە.
داواكارییە داراییە نوێیەكە بەم شێوەیە دابەش دەبێت، بۆ بواری خەرجكردن وردەكارییەكان ئۆپەراسیۆنی كەشتییەكان و مووچەدابینكردنی بودجە بۆ هێزی دەریایی و مووچەی كارمەندانی سەربازی.
تەقەمەنی و چەككڕینەوە و قەرەبووكردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی لە جەنگدا بەكارهاتوون.
سێكتەرەكانی تری جگە لە بەرگرییەكان هاوكاری كشتوكاڵی و فریاگوزاری لە كاتی كارەساتە سروشتییەكاندا.
سوپای ئەمریكا لەم ساڵدا رووبەڕووی تێچوویەكی زۆر بووەتەوە بەهۆی فرەوانی ئۆپەراسیۆنەكانیەوە، لەوانە، جەنگی ئێران، كە تێچووەكەی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوودا بە 29 ملیار دۆلار خەمڵێندراو بوو، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئێستا زۆر زیاتر بووبێت.
هێرشەكانیان لە ڤەنزوێلا، كە بووە هۆی دەستگیركردنی مادورۆ، هەروەها ئۆپەراسیۆنەكانی دەریای كارایبی، لێدان لە بەلەمەكانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لە كارایبی و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن.
لە كۆتایدا چاودێران پێیان وایە كە گەیشتنی هەر داواكارییەكی نوێی خەرجی سەربازی بۆ كۆنگرێس، دەبێتە هۆی سەر هەڵدانی مشتومڕێكی توند لە نێوان یاسادانەراندا سەبارەت بە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ چوونە ناو ئەم جەنگەوە كە تەنها بارقورسی بۆ وڵاتەكەیان لێكەوتوەتەوە بە بێ بەدەستهێنانی ئەنجامێكی ئەوتۆ.



