كەرتی فڕۆكەوانی جیهانی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پەكیكەوتووە
ئاکام
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦
كەرتی فڕۆكەوانی جیهانی بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەكانی ئێرانەوە پەكی كەوتووە و دەیان كۆمپانیای نێودەوڵەتی گەشتەكانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا كۆتایی وەرزی بەهار و پاییزی ئەمساڵ هەڵوەشاندووەتەوە، ترسی هەڵگیرسانەوەی جەنگیان هەیە و چاوەڕێی چارەنوسی ئاگربەستن.
گەورەترین كۆمپانیای فڕۆكەوانی یۆنانی لە 28ی ئەم مانگەدا گەشتەكانی بۆ تەلئەبیب دەستپێدەكاتەوە، بەڵام گەشتەكانی هێڵی فرۆكەوانی سالۆنیك بۆ تەلئەبیب تا 26ی حوزەیران هەڵوەشێندراونەتەوە.
هاوكات گەشتی فرۆكەوانی بۆ ریاز و عەممانی پایتەختی ئوردن لە 21ی حوزەیران دەستپێدەكەنەوە و گەشتەكان بۆ بەیروت تا 26ی حوزەیران و بۆ هەولێر و بەغداد تا دووی تەمموز هەڵوەشێندراونەتەوە.
كۆمپانیاكانی كەرتی فرۆكەوانەی بە شێوەیەكی بەرفراوان گەشتەكانیان لە ناوچەی كەنداو راگرتووە، بە جۆرێك كۆمپانیای ئێر فرانس ئەم هەفتەیە رایگەیاند، راگرتنی گەشتەكانی تا 3ی ئایار درێژكردەوە و چاوەڕێی چارەنوسی ئاگربەستە و هێڵە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و كەنەدا و گەشتەكانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەڵپەساردووە.
سایتی سەیف ئێرسپەیس ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەری هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران مەترسییەكانی بۆ سەر گەشتە ئەمریكییەكان لە ناوچەكەدا زیاد كردووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر فڕۆكە مەدەنییەكان نییە، بەڵام ئێران هۆشداریداوە لە كاتی هەڵگیرسانەوەی جەنگ تۆڵە لە بەرژەوەندییە سەربازییەكانی ئەمریكا دەكاتەوە بە راستەوخۆ یان لە ڕێگەی بریكارەكانییەوە.
كۆمپانیای فلایت رادار بڵاویكردەوە، دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هاتوچۆی بازرگانی لە ناوچەكەدا سنورداركراوە و كۆمپانیاكان رێگەی جێگرەوەیان هەڵبژاردووە وەك تێپەڕین بەسەر دەریای قەزوین یان میسر و سعودیە هەرچەندە ئەم هەنگاوەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی، تیمی فڕۆكەوانی و درێژبوونەوەی كاتی گەشتەكان.



