كێبڕكێ بۆ جێگرەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیپێكردووە، لەكاتێكدا ئەو رێكخراوە چەند ساڵێكە هەژموون و پێگەی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و روبەڕووی قەیرانی داریی بووەتەوە. 

 بڕیارە لەسەرەتای ساڵی 2027 ماوەی كاركردنی ئەنتۆیۆ گۆتیرێس وەك سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بێت، هەرچەند هێشتا چەند مانگێكی ماوە بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ جێگرتنەوەی، بەڵام لە ئێستاوە چەن كەسایەتیەك لە كیشوەركانی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین و ئەفریقاوە  لەكێبركێدان بۆ جێگرتنەوەی كە بریتین لە میشال باشلیت لە چیك، رافائیل گروسی ئەرژەنتینی و ریبیكا گرینسبان لە كۆستەریكا و ماكی سال لە سەنیگال. 

ئەو كاندیدانە بۆ دووەمین جار روبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی زارەكی بوونەوە، كە بۆ ماوەی سێ سەعات وەڵامی 193 ئەندام و نوێنەری كۆمەڵی مەدەنی ئەنجومەنەكەیان دایەوە.
هەریەك لەو كاندیدانە بەڵێنیانداوە بە ئەنجامدانی چاكسازی لە رێكخراوەكەدا، كە بەر لە 80 ساڵ لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی دامەزرا و دەڵێن، متمانە بۆ رێكخراوەكە دەگەڕێننەوە.
تا ئێستاش رافائیل گروسی بەهۆی شارەزایی و پسپۆڕییەكەی چانسی بۆ چوونە سەر كورسی سكرتێری گشتی زیاترە، چونكە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بووە و رۆڵی زۆری لە پرسی ئەتۆمی ئێران هەبووە.    

ژمارەی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەراورد بە ساڵی 2016 زۆر كەمە، بەڵام دەرفەت ماوە لە مانگەكانی داهاتوودا كەسانی دیكە بچنە كێبڕكێكەوە. 
بەپێی نەریتێكی دیپلۆماسیش نابێت سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوڵاتی ئەو 5 وڵاتەوە بێت كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن كە  بریتین لەئەمریكا، بەریتانیا، چین و فەڕەنسا و روسیا، بەڵام پشتیوانی ئەو وڵاتانە لە پرۆسەی دیاریكردنی سكرتێری نوێدا یەكلاكەرەوە دەبێت. 

مایك واڵتز باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وتویەتی، دەبێت سكرتێری گشتی داهاتوو لەگەڵ بەها و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا یەكبگرێتەوە. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی ئێستای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2017ەوە لەو پۆستەدایە و خەڵكی پورتوگالە، لە سەرەتای ساڵی 2027یشدا كۆتایی بە پۆستەكەی دێت، كە لە ساڵی 2016دا لە نێوان 13 كاندیدا توانی كێبڕكێكە بباتەوە.