بەپێی هەڵسەنگاندنەكان هێشتا ئێران بەشێكی گرنگ ی توانا موشەكییەكانی پاراستووە
کەژان
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرەرای راگەیاندنی لە ناوبردنی توانا سەربازیەكانی، بەڵام هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا دەریدەخەن توانای موشەكیی ئێران تەنها بەریژەی 50% كەمبوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" و سەرچاوە هەواڵگرییەكانی سوپای ئیسرائیل، نیگەرانییەكی قووڵ هەیە سەبارەت بەوەی كە ئێران هێشتا خاوەنی هێزێكی موشەكیی كاریگەرە، سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی بەریكەوتووە.
هەڵسەنگاندنەكان ئاماژە بە گۆڕانكارییەكی گەورە دەكەن لە ژمارەی موشەكە بالیستییەكانی ئێراندا، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندانانە، پێش دەستپێكردنی شەڕ ئێران خاوەنی نزیكەی دوو هەزار و 500 موشەكی بالیستی بووە، لە ئێستادا مەزەندە دەكرێت هێشتا هەزار موشەكی لەبەردەستدا مابێت.
بە پێی پێشبنیەكان، ئەگەر هێرشەكان نەبوایە، چاوەڕوان دەكرا ئێران لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا ژمارەی موشەكەكانی بگەیەنێتە هەشت هەزار موشەك، كە ئەمەش مەترسییەكی كوشندە دەبوو بۆ سەر سیستمە بەرگرییەكانی ئیسرائیل.
پێشتر، سوپای ئیسرائیل بڵاویكردبوە، نزیكەی لە 60%ی سەكۆكانی هەڵدانی موشەكی بالیستی ئێرانیان تێكشكاندوە لەكاریان خستووە، لە كۆی 470 سەكۆ، 200 یان راستەوخۆ لە هێرشی ئاسمانیدا كراونەتە ئامانج،80 سەكۆی تریش بەهۆی بۆردومانكردنی تونێلەكانەوە گەمارۆ دراون و ناتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، سێ لێپرسراوی ئەمریكی بە تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریكان راگەیاندووە، تا كاتی دەستپێكردنی ئاگربەست لە 8ی نیسان، نزیكەی 50%ی كۆگای مووشەكە بالیستییەكانی ئێران و سەكۆكانی هاویشتنیان بە سەلامەتی ماونەتەوە.
بەپێی وتەی ئەوسەرچاوانە، 60%ی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و دوو لەسەر سێی هێزی ئاسمانی ئێران هێشتا بەردەوامن لە ئەركەكانیان.
بەڵام كارۆلین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی، ئەو زانیارییانەی بە ناڕاست وەسف كرد و رایگەیاند، توانای ئێران بۆ دروستكردنی مووشەك و درۆن بۆ چەندین ساڵ پاشەكشەی كردووە و پیشەسازی بەرگری ئێران بە تەواوی وێران بووە.
ئەمە لە كاتێكدایە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پینتاگۆن) رایانگەیاند، زیاتر لە 13 هەزار پێگەی ئێرانیان لە ماوەی كەمتر لە 40 رۆژدا كردۆتە ئامانج، و لە 92%ی كەشتییە گەورەكانی ئێران و 44 كەشتی مینڕێژكەر تێكشكێندراون.
ئیسرائیل و ئەمریكا لە 28ی شوباتدا شەڕیان دژی ئێران دەستپێكرد، رایانگەیاند، گرنگترین دەستكەوتەكانیان لەو جەنگەدا لێدان بووە لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی چەك، وایكردووە ئێران لە ئێستادا نەتوانێت موشەكی نوێ دروست بكات، بەڵام هۆشداری دەدرێت ئێران بە خێرایی كار دەكات بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو كارگانە دووبارە دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنانی موشەك.



