وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەپەرستی؟
ساکۆ
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
دوێنێ شەممە، شاری میلانۆ بووە وێستگەیەكی نوێ بۆ كۆبوونەوەی سەركردە راستڕەوە توندڕەوەكانی ئەوروپا و لە شەقامەكانیشەوە دروشمی توند لە دژی سیاسەتەكانی ئێستای وڵاتانی ئەورپی وترانەوە
لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا گردبوونەوەیەكی جەماوەریی گەورە و هاوكات كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردە راستڕەوەكانی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
هەزاران كەس لە بەردەم 'كاتدراڵی دۆمۆ' لە میلانۆ كۆبوونەوە، دروشمی دژە كۆچبەرییان بەناونیشانی "لە ئەوروپا ببینە سەروەری ماڵ و وڵاتی خۆمان" دەوتەوە، ئامانجیشیان دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو دژی كۆچی نایاسایی و سیاسەتەكانی ئێستای یەكێتییەكە.
ئەم چالاكییە یەكەم دەركەوتنی گەورەی هاوپەیمانیی "نیشتمانپەروەران بۆ ئەوروپا" بوو كە تێیدا سەركردە دیارە راستڕەوە توندڕەوەكان بەشدارییان تێدا كرد و وتاریان پێشكەش كرد.
ئەم كۆبوونەوەیە تەنیا چەند رۆژێك دوای شكستی 'ڤیكتۆر ئۆربان' لە هەڵبژاردنەكانی هەنگاریا هات، هەر بۆیە سەركردەكان هەوڵیاندا لە ڕێگەی ئەم گردبوونەوەیەوە هێزی خۆیان لە یەكێتیەكە دووپاتبكەنەوە و نیشانی بدەن كە هێشتا كاریگەرییان ماوە.
لە هەمان كاتدا، لە شوێنێكی نزیكی میلانۆ، گردبوونەوەیەكی دژە فاشیزم بەڕێوەچوو كە تێیدا خەڵك ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە وتاری توندی ئەو پارتە راستڕەوانە دەربڕی.
ئێستا كە ئەوروپا بەدەست قەیرانە ناوخۆییەكانییەوە گرفتارە، گردبوونەوەی لایەنگرانی ئەم هاوپەیمانێتییە، وەك نیشانەیەكی روون بۆ گۆڕانی رەوتی سیاسی لە ئەوروپا دەبینرێت.
گردبوونەوەكە بە دەستپێشخەری ماتیو سالڤینی، سەرۆكی پارتی كۆمەڵەی ئیتاڵی رێكخرابوو، لەژێر دروشمی سەروەری لە نیشتمانی خۆمان بەڕێوەچوو.
سالڤینی بە راشكاوی پشتگیری خۆی بۆ ڤیكتۆر ئۆربان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سنوورەكان و دژایەتی بازرگانانی مرۆڤ خاڵی هاوبەشیانە.
لەلایەكی ترەوە، جۆردان باردێلا، سەرۆكی پارتی كۆمەڵی نیشتمانی فەڕەنسا، پەیامێكی توندی ئاراستەی ماكرۆن كرد و سەركەوتنی راستڕەوەكانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە نزیك و مسۆگەر وەسف كرد.
ئەم جۆرە وتارانە لەگەڵ دروشمی خۆپیشاندەران بۆ دەركردنی بەكۆمەڵی كۆچبەران یەكی دەگرتەوە.
خاڵێكی سەرنجڕاكێش لەم هەڵكشانەدا، كاریگەری دۆناڵد ترەمپ بوو لەسەر جەماوەری راستڕەو، بەشێك لە بەشداربووان بەئاشكرا داوایان دەكرد كە ئەوروپا هەمان سیاسەتی توندی ترەمپ پەیڕەو بكات بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەران.
لە خولی ئێستای پەرلەمانی ئەوروپادا هێزە راستڕەوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەیان كردووە و دابەشبوون بەسەر سێ گرووپی سەرەكیدا كە پێكەوە نزیكەی 200 كورسییان لە كۆی 720 كورسی هەیە.
داهاتووی ئەوروپا ئێستا لە نێوان پاراستنی بەهاكانی یەكێتییەكە و گەڕانەوە بۆ نەتەوەپەرستییەكی توند، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە.



