واشنتۆن داوایەکی سەیر لە هاڤانا دەکات و کوبییەکانیش رەزامەندییان بۆ دانوستان دەربڕیوە
ساکۆ
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
ئەمریکا داوا دەکات کوبا سیستمی ئابوریی وڵاتەکەی بگۆڕێت و دەشڵێت: یارمەتیی حوکمەتی هاڤانا دەدەم ئەگەر بیانەوێت وڵاتەکەیان ببوژێننەوە
لێپرسراوانی ئەمریکا داوایان لە کوبا کردووە کە سیستمە ئابورییەکەی لە سۆشیالیزمەوە بگۆڕێت بۆ سیستمێکی پشتبەستوو بە بازاڕی ئازاد و قەرەبووی ئەو هاووڵاتی و کۆمپانیا ئەمریکییانە بکاتەوە کە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، دەستیان بەسەر سەرمایەکانیاندا گیراوە
وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆتایی هەفتەی رابردوودا و سەردانی هاڤانی پایتەختی کوبایان کرد کە لە ساڵی 2016ـەوە ئەمە یەکەم سەردانیکردنی وەفدەکەیە بۆ ئەو وڵاتە، هێڵە گشتییەکانی داواکارییەکانیان بۆ حکومەتی کوبا خستەڕوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کە کوبا بەدەست کەمیی سوتەمەنی و پچڕانی کارەباوە دەناڵێنێت.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەمریکا داوای لە کوبا کردووە چاکسازیی ئابووری ئەنجامبدات، کەرتی تایبەت فراوان بکات، وەبەرهێنانی بیانی رابکێشێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش بێت، لێپرسراوانی ئەمریکا پێشنیازی گەیاندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکـی 'ئیلۆن مەسک'یان بۆ کوبا کردووە و داوایان کردووە رێگە بە پەیوەندییەکی ئینتەرنێتی بێ سنوور بدرێت.
ئاژانسی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، واشنتۆن داوای لە هاڤانا کردووە رێگە بە ئازادییە سیاسییە زیاترەکان بدات، کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی ئەنجامدانی "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە. ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە کە نوخبەی دەسەڵاتداری دوورگەکە دەرفەتێکی کەمیان لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی چاکسازییە سەرەکییەکانی ژێر چاودێری ئەمریکا، پێش ئەوەی بارودۆخەکە بە شێوەیەکی گەڕانەوەنەبوو خراپتر بێت.
مایکڵ کۆزاک، لێپرسراوی باڵای وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی پێنجشەممە جەختی کردەوە کە ئەمریکا فشار لە کوبا دەکات تاکو چاکسازیی ریشەیی لە سیستمی ئابوریی وڵاتەکەیدا ئەنجامبدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ کە پێشتر هەڕەشەی داگیرکردنی وڵاتەکەی کردبوو، لەم دواییانەدا هەڵوێستی نەرمترە و ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتۆن دەتوانێت یارمەتی کوبا بدات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابورییەکانی.
میگێل دیاز-کانێل سەرۆکی کوباش، بە تەلەفیزیۆنی 'ئاڕ تی' راگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا ناترسێت.
جەختیشی کردەوە، هاڤانا ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تەنها لەسەر بنەمای یەکسانی و بەبێ هیچ فشار و ناچارکردنێک.



