هێڵی زەرد.. دیواری نوێی ئیسرائیل لە قووڵایی خاکی لوبناندا
سەوسەن سەید
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
لە پێشهاتێکی نوێدا کە ئاماژەیە بۆ سەپاندنی واقیعێکی مەیدانیی جیاواز، حکومەتی ئیسرائیل سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی 10 ڕۆژە، نیازی خۆی بۆ چەسپاندنی ناوچەیەکی سەربازی بە ناوی "هێڵی زەرد" لە باشووری لوبنان راگەیاند، ئەم هەنگاوە رێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی دەیان گوند دەکات کە لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدان
هێڵی زەرد چییە و چۆن کار دەکات؟
بەپێی راپۆرتەکانی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل و تۆڕی سی ئین ئین، ئەم تاکتیکە هاوشێوەی ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر لە کەرتی غەززە بەکارهێنراوە،
هێڵەکە لە سنوورەوە دەستپێدەکات و بە قووڵایی تا 10 کیلۆمەتر دەچێتە ناو خاکی لوبنان، ئەم هێڵە 55 گوندی لوبنانی دەگرێتەوە کە ئیسرائیل وەک "ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی" دەستنیشانی کردوون، هەروەها سوپای ئیسرائیل رێگری تەواو لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی لوبنانی بۆ ناو ئەو گوندانە دەکات، تەنانەت لەژێر سایەی ئاگربەستیشدا
وێرانکاری و پاکتاوکردنی هەڕەشەکان
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە سوپا لەو شوێنانەی دەستی بەسەردا گرتوون دەمێنێتەوە، هاوکات رۆژنامەی "جێروزالم پۆست" ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل بە فەرمانی کاتس، دەستی کردووە بە خاپوورکردنی خانووەکان لە گوندە سنوورییەکان بە مەبەستی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، بە هەمان شێوازی شارەکانی بیت حانون و رەفەح لە غەززە
ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاستەنگەکان
ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی ئاگربەستی 10 ڕۆژە لە 16ی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وخاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە بریتین لە:
-ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی بۆ سەرخۆی پاراستووە
-حکومەتی لوبنان پابەند کراوە بە رێگریکردن لە هێرشەکانی حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکان
-واشنتون سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی و دیاریکردنی سنوورە وشکانییەکان
بەیرووت "ناوچەی ئەمنیی" ئیسرائیل رەت دەکاتەوە
حکومەتی لوبنان بە توندی دژی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی واقیعێکی سەربازی نوێ لە باشووری وڵاتەکەی وەستایەوە، میشێل مەنسی، وەزیری بەرگری لوبنان، رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی ئەوەی پێی دەوترێت "ناوچەی ئەمنیی" یان "هێڵی زەرد" لە باشووری لوبنان رەت دەکاتەوە.
مەنسی لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە لێدوانەکانی یۆئاڤ کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، تەنها هەڕەشە نین، بەڵکو گوزارشت لە "نییەتێکی ڕوون دەکەن بۆ سەپاندنی داگیرکارییەکی نوێ بەسەر خاکی لوبناندا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پلانە ئامانجی کۆچپێکردنی زۆرەملێی سەدان هەزار هاووڵاتی و وێرانکردنی سیستماتیکی گوند و شارۆچکەکانی باشوورە
لەلایەکی ترەوە شارەزایان پێیان وایە سەپاندنی "هێڵی زەرد" ئەرکی دانوستانەکان قورس دەکات و دەبێتە بەربەست لەبەردەم جێگیربوونی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا



