داپیرەی 10 نەوە؛ لە خەمی هاوسەرە شێرپەنجەییەکەیەوە بۆ ناو دڵی کۆشکی سپی
نەبەز
١٤ی نیسانی ٢٠٢٦
سوپاس سەرۆك بۆ یاسای لابردنی باج لەسەر وەرگرتنی بەخشش، ئەمە وتەی كارمەندێكی بەتەمەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی دیلیڤەری خواردنە بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەم دیمەنەش بوو بە سەردێڕی بەشێكی زۆری میدیا جیهانییەكان.
شەوی رابردوو لە پەخشی راستەوخۆی كۆشكی سپی دا، دۆناڵد ترەمپ داوای خواردنی مەكدۆناڵدی كردبوو، دواتر لەلایەن كارمەندێكی كۆمپانیای دۆرداشەوە خواردنەكە بۆ ناوبراو هێندرا، دوابەدوای ئەو روداوە ترەمپ وەك هەمیشە دەستی بە وەرگرتنی پرسیاری رۆژنامەوانان لەبارەی ئێران و ئاگربەستەكەوە كرد.
دۆناڵد ترەمپ لە كارمەندەكە دەپرسێت و دەڵێت، بیستوومە تۆ بەهۆی یاسای لابردنی باج لەسەر وەرگرتنی بەخشش 11 هەزار دۆلارت پاشەكەوت كردووە, وایە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت بەڵی زیاترە لەو برەش. دواتر كارمەندەكە سوپاسی دەكات و ترەمپیش وەك پیشەی خۆی ئەمە وەك شانازییەك بۆ ئەو كارەی كردوویەتی باسی دەكات.
وێنەگرەكەی كۆشكی سپی لێی دەپرسێت، دەزانیت كۆشكی سپی بەخششی باش دەدەن، لەوكاتەدا ترەمپ 100 دۆلار دەردەهێنێت و دەیداتە كارمەندەكە.
شارۆن سیمۆن ئەو كەسەی داواكارییەكەی ترەمپی پێشكەشكرد داپیرەی 10 منداڵەو لە چاوپێكەوتنێكدا دوابەدوای ئەوە دەڵێت، من هاوسەری تووشی شێرپەنجە بووە و نامەوێت لەدەستی بدەم، لەبەرئەوە هەموو شتێك دەكەم بۆ مانەوەی.
بەپێی زانیارییەكان شارۆن 14 هەزار داواكاری دیلیڤەری لەماوەی چوارساڵی رابردوودا جێبەجێكردووە و دەڵێت هەرگیز داواكاریم بۆ كەسێكی پلەبەرزی هاوشێوە نەبردووە.
بەشێك لە رەخنەگران ئەم روداوە بە سیناریۆیەكی ساختەی دەزانن و دەڵێن، كارمەندەكە ساڵی رابردوو لەبەشی باجەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بانگێشتكراوە بۆ دەربرینی رای خۆی لەسەر یاساكە و هەر ئەوكاتیش هەمان بۆچوونی دەربریوە.
دوابەدوای ئەو روداوە پشكی هەردوو كۆمپانیای مەكدۆناڵد و دۆرداش بەرزبوونەوە، پشكی كۆمپانیای مەكدۆناڵد بۆ نزیكەی 304 دۆلار و دۆرداش بۆ نزیكەی 160 دۆلار بەرزبووەوە.
بەپێی ئامارەكان، نزیكەی شەش ملیۆن كارمەند سوودمەند بووە لە یاسای لابردنی باج لەسەر بەخشش و ئەوەش بووەتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ ئەوانەی لەو بوارەدا كاردەكەن.



