ئەمڕۆ، 14ـی نیسان 38 ساڵ بەسەر جێنۆسایدی ئەنفالدا تێدەپەڕێت، ئەو شاڵاوە دڕنددانەی کە  182 هەزار کوردی تێدا ئەنفال کرا و نزیکەی 200 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی کوردیش بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق راگوێزران و ژمارەیەکیان شەهید کران، هەزاران گوندیش خاپور کران.

تاوانەکانی جینۆساید دژ بە گەلی کورد لە باشوری کوردستان، مێژویەکی دور و درێژی هەیە و چەندین دەیە بەر لە تاوانەکانی ئەنفال دەستی پێکرد، سەرەتا بە تەعریبکردنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک لە ساڵی 1963 دەستی پێکرد، دواتر راگواستن و بێ سەروشوێن کردنی کوردانی فەیلی کە لە سەرەتای ساڵانی 1970 دەستی پێکرد و تاکو ساڵی 1980 بەردەوام بوو، ئەنفالکردنی  هەشت هەزار لە پیاوان و گەنجانی بارزانی لەساڵی 1983، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کۆتایی دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەشێک بوون لەو زنجیرە تاوانانەى بەرانبەر کورد ئەنجامدراون.

 لە رابردودا، رژێمی بەعس تاوانی جۆراوجۆری لەدژی كورد و كەمە نەتەوەییەكان بەكارهێناوە، بەڵام ئەنفال گەورترین  پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردە، کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 40 ساڵ تا ئیستاش کاریگەریەکانی بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە ماون.

 

تاوانی ئەنفال بە هەشت قۆناغ ئەنجامدراوە و لە هەر قۆناغێکدا ناوچەیەکی کوردستان کراوەتە ئامانج، بەمشێوەیە؛

 

قۆناغی یەکەمی ئەنفال

 هەنگاوی یەكەمی جینۆسایدی كورد لە دۆڵی جافایەتییەوە دەستی پێكرد، لە (23)ی شوبات تاکو (19)ی ئازاری 1988، ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن لە چەند قۆڵێکەوە بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵوی دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد، بە درێژایی 80 کیلۆمەتر لە ناحیەی بنگردەوە بۆ رۆژهەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بە ئاراستەی  شاری سلێمانی  تاکو شارۆچکەی ماوەت و چوارتاى  لە ناوچەی شارباژێڕی گرتەوە.

 

قۆناغی دووەمى ئەنفال

لە قۆناغێ دووەمدا، دوای ئەوەى رژێمی بەعس هەستی بەوە دەكرد كە لە هەنگاوی یەكەمیدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بیری لەوە دەكردەوە كە هەنگاوی تر بنێت، ئەمەش وایکرد  قۆناغی دووەمی ئەنفالی دەست پێبکات ، بەڵام ئەم جارەیان بەرەوناوچەکانی قەرەداغ و بازیان و بەشێکی سنوری قەزای دەربەندیخان.

ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفال لە 22ى ئازار تاکو یەکی نیسانی 1988ی خایاند، گوندەکانی تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربەند باسەڕە، قۆپی قەرەداغ و چەندین شوێنی دیکەی ناوچەی قەرەداغی گرتەوسەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی دەستی پێکرد لەناویاندا گوندی سێوسێنان کە بوەهۆی شەهیدبوونی زیاترلە 70کەسی مەدەنی و زیاتر لە (50) برینداری لێكەوتەوە.

 

قۆناغی سێیەمى ئەنفال

بەگەورەترین و بەرفراوانترین قۆناغی پرۆسەی ئەنفال دادەنرێت کە لە 7ـی نیسان تاکو 20ی نیسان 1988ی خایاند و ناوچەکانی دوزخورماتوو، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە، قەبارەی ئەو زیانە گیانی و مادییانەی لەو قۆناغەی ئەنفالدا کەوتنەوە زۆر زیاتربوون بە بەراورد بە قۆناغەکانی تر.

 

قۆناغی چوارەمی ئەنفال

 لە 8ی نیسان تاکو 3ی ئایاری 1988ی خایاند چەند ناوچەیەکی سەر بە هەرسێ پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەولێری گرتەوە، کە پێکدێت لە ناوچەکانی ئاغجەلەر، شوان، دەشتی کۆیە، چەمی رێزان

 سەرەتای  قۆناغی چوارەمی ئەنفال بە کیمیاباران کردنی  گوندەکانی گۆپتەپە  و عەسکەر لە رۆژی 3ی ئایاری دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە 300کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندانە بوونە قوربانی.

 رۆژێک دواتر سوپای عیراق بە پشتیوانی دەیان فەوجی جاش، لەچەندین قۆڵەوە هێرشی كردە سەر ناوچەكانی  شوان، شێخ بزێنی، قەڵاسێوكە، خاڵخاڵان، دەشتی كۆیە، تەقتەق، خەلەكان ‌و چەمی ڕێزان.

 بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوای گوندەکانی گۆپتەپ ەوعەسکەر و حەیدەربەگ، ڕژێمی عیراق  ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و دەربازییان ببێت.

 

قۆناغەکانی  (پێنج، شەش و حەوتی)ـی ئەنفال

 ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفال ناوچەکانی شەقڵاوە و رەواندوزی گرتەوە لە 15 ی ئایاری 1988 دەستی پێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتا رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان.

 سەرەتای قۆناغى ئەنفالی شەش لە تەمموزی 1988، بە بۆردومانكردنی ناوچەكانی دۆڵی بالیسان‌ و دۆڵێ مەلەكان ‌و دۆڵی وەرتێ ‌و دۆڵی هیران‌ و سماقولی بە چەكی كیمیاوی دەستی پێكرد.

بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە، ڕژێمی بەعس نەیتوانی لە هێرش‌ و پەلاماری یەكەمدا پیلانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە قۆناغی شەش ‌و حەوتیشی تێكەڵ كرد.


دواین قۆناغی ئەنفال، قۆناغی هەشتەم

 ئەم قۆناغە لە دوای راوەستانی جەنگی عیراق- ئێران لە 25ی ئاب تاکو6ی ئەیلولی 1988ی خایاند، ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێی گرتەوە، سەرەتا ناوچەکە لەلایەن سوپای عیراقەوە بە بۆمبی هێشویی – کیمیایی  بۆردومان کرا.

 هەر لەچوارچێوەی ئەم قۆناغەی پرۆسەی ئەنفالدا سوپای عیراق  بە پاڵپشتی دەیان هەزار جاش، پەلاماری گوند و چیاو دۆڵەكانی ناوچەکانی "زاویتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارەو هەردوو بەری زێی گەورەی دا.

 گوندنشینەكانی ناوچەی بادینان زۆربەیان توانیان خۆیان بگەیەننە سنورەكانی توركیاو ئێران ‌و بەشێكی تریشیان لەشاخ‌و ئەشكەوتەكاندا خۆیان حەشارداو بەشێكی زۆریشیان دەستگیركران‌و پیاوەكان بێسەروشوێنكران‌و ژن‌و منداڵەكانیشیان ئازاد كران و حکومەتی هەرێم 14ی نیسانی هەموو ساڵێکی بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە دیاریکردووە.

 پڕۆسەی ئەنفال لە رۆژی 23ی شوبات تاوەکو 6ى ئەیلولی 1988 بەردەوامبوو، لە باگراوندی هەرتاکێکی کوردا وشەى ئەنفال ماناى هەموو ئەو تاوان و جینۆساید و کۆمەڵکوژیە دەگرێتەوە بەدرێژاى مێژوو بەرانبەر بە گەلى کورد ئەنجام دراوە و تا ئێستاش کاریگەری بەسەر ژیانی کوردانی باشورەوە ماوە.