بەهۆی جیاوازیی قووڵ لە نێوان داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە و پێشنیازەکانی ئێران بۆ سڕکردنی کاتی، رەوشی ناوچەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

رەوشی ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، کاتێک باس لە داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەکرێت، کەلێنێکی گەورە لە نێوان داواکارییەکانی واشنتۆن و پێشنیازەکانی تاراندا دەبینرێت، واشنتۆن بە چاوێکی گومانەوە سەیری هەنگاوەکانی ئێران دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی و بێ مەرجی بەرنامەکە دەکات، لە بەرانبەردا تاران تەنها ئامادەیە بۆ سڕکردنێکی کاتی و سنوردار، ئەمەش وایکردووە کە رێگەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ ئەستەمتر بن لە جاران و ناوچەکە لەبەردەم ئەگەرە جیاوازەکاندا بێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە سیاسییەکانەوە دەست ئاژانسەکانی هەواڵ کەوتووە، واشنتۆن کۆمەڵێک مەرجی قورسی خستووەتە بەردەم تاران کە سەرەکیترینیان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەیە، ئەمریکییەکان داوا دەکەن ئێران 23 هەزار ئامێری سەنتەرفیوج رادەست بکات و 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز بداتە لایەنە نێودەوڵەتییەکان، جگە لەوەش، واشنتۆن فشار دەکات بۆ سنوردارکردنی مەودای موشەکەکان بۆ کەمتر لە 400 کیلۆمەتر و گەڕاندنەوەی کامێراکانی چاودێری بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکان.

لە بەرانبەر ئەم داواکارییە توندانەدا، لایەنی ئێرانی پێشنیازی سڕکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی سێ بۆ پێننج ساڵ دەکات، تاران ئامادەیە تەنها بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات و ئەوەی تریش بۆ ئاستی 20٪ دابەزێنێت، بەڵام بە توندی داوای هێشتنەوەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج دەکات وەک گەرەنتییەک بۆ داهاتوو، ئێرانییەکان بەرنامە موشەکییەکەیان بە مافێکی سەروەریی خۆیان دەزانن و رەتیدەکەنەوە هیچ گفتوگۆیەکی لەسەر بکەن، ئەمەش نیشانەی جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە پێناسەی ئامانجی کۆتایی دانوستانەکاندا کە لە نێوان هەڵوەشاندنەوە و سڕکردندا گیری خواردووە.

سیاسەتی نوێی واشنتۆن لەسەر بنەمای فشاری ئەوپەڕی داڕێژراوە و هەموو بژاردەکانی سەر مێز بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ پاشەکشە، ئەگەر تاران لەسەر پەرەپێدانی بەرنامەکەی بەردەوام بێت، ئەگەری هێرشی سەربازیی بەهێز و فرەقۆناغ لە ئارادایە، بانکی ئامانجە ئەگەرییەکانی ئەمریکا زۆر فراوانە و نەک هەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەڵکو ناوەندەکانی توێژینەوە، بنکەکانی درۆن و موشەک، و تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و ناوەندەکانی جەنگی ئەلیکترۆنیش دەگرێتەوە، کە مەبەست لێی پەکخستنی تەواوەتی تواناکانی ئێرانە لە ئەگەری هەر پێکدادانێکدا.

لەکۆتاییدا، ئەو مەودا فراوانەی لە نێوان داخوازییەکانی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی و پێداگری تاران لەسەر سڕکردنی کاتی هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە قەیرانی ئەتۆمی ئێران تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ململانێیەکی ستراتیژیی قووڵە، تا ئەو کاتەی هەردوولا لەسەر ئەم دوو رێڕەوە جیاوازە بن، ئەگەری سەرهەڵدانی گرژیی زیاتر و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی وەک مەترسییەکی بەردەوام دەمێنێتەوە، کە رەوشی ناوچەکە بەرەو ئایندەیەکی نادیار و پڕ لە مەترسی دەبات.