دوای ئەوەی دادگەی باڵا باجە گومرگییەكانی ترەمپی رەتكردەوە, سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند باجی گومرگی سەر بەرهەمی هاوردەكراو لە هەموو وڵاتانەوە بۆ 15% بەرزدەكاتەوە ئەوەش بەرزترین ئاستە كە یاسا رێگەی پێدەدات.

ترەمپ رۆژی هەینی و دوابەدوای راگەیاندنی بڕیارەكەی دادگەی باڵا, وەك كاردانەوەیەك, باجی گومرگی بەڕێژەی 10%ی راگەیاند.

دادگەی باڵا دەڵێت, سەرۆكی ئەمریكا لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بۆ باجە گومرگییەكان, پشتبەستوو بە یاسای "بارودۆخی نائاسایی ئابوری نێودەوڵەتی", سنورەكانی دەسەڵاتەكانی خۆی تێپەڕاندووە.

یاسای " بارودۆخی نائاسایی ئابوری نێودەوڵەتی" رێگە بە سەرۆكی ئەمریكا دەدات بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسییە لە ناكاوەكان, لەوانە قەیرانی ئاسایش یان قەیرانی ئابوری, رێكاری پێویست و بەپەلە بگرێتەبەر, بەڵام دادگەی باڵا پێی وایە بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتە بۆ دانانی باجی گومرگی بەرفراوان لە دەرەوەی ئامانجەكان و سنورەكانی یاساكەیە.

دادوەرەكان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە دیاریكردنی سیاسەتی بازرگانی و دانانی باجی گومرگی گشتی, لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی كۆنگرێسە و سەرۆكی وڵات ناتوانێت تەنها بە راگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی ئابوری ئەو رێكارانە بگرێتەبەر.

ترەمپ پشتبەستوو بە یاسای بەشی 122, بەڕێژەی 15% باجی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردكراو لە وڵاتانەوە دەسەپێنێت. ئەو یاسایە رێگە دەدات تا 15% باجی گومرگی دیاریبكرێت بەڵام درێژكردنەوەی كاتەكەی دوای 150 رۆژ پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ كۆنگرێس.

هەتا ئێستا هیچ سەرۆكێك لە ئەمریكا ئەو دەسەڵاتەی بەكار نەهێناوە و ئاژانسی رویتەرزیش لەو بارەیەوە دەڵێت پسپۆڕانی بازرگانی و ژمارەیەك لە ستافی كۆنگرێس گومانیان هەیە لە درێژ كردنەوەی ماوەی ئەو باجە گومرگیانە لە دوای 150 رۆژ. بەو پێیەی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەمریكی پێیان وایە ئەو باجەكان بوونەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەكان.

ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە كە كابینەكەی لە ماوەی ئەو 150 رۆژەدا كار لەسەر جێبەجێكردنی هەموو ئەو باجە گومرگیانەی دیكە دەكات كە یاسا رێگەی پێدەدات و ئەو یاسایانە بەكار دەهێنێت كە رێگە بە دانانی باج لەسەر كاڵای دیاریكراو لە هەندێك وڵاتەوە دەدەن بەهۆكاری ئاسایشی نیشتمانی و نایەكسانی لە بازرگانیدا.

ترەمپ لە پۆستێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویكردووەتەوە دەڵێت, زۆرێك لە وڵاتان دەیان ساڵە ئەمریكا بەكاردەهێنن و بەرزكردنەوەی باجە گومرگییەكان كاردانەوەیە بۆ ئەو بارودۆخە.

كۆشكی سپی رایگەیاندووە یاسای بەشی 122 هەندێك بەرهەم لەوانە كانزا گرنگەكان و بەرهەمەكانی وزە ناگرێتەوە.

ترەمپ لە سەردەمی سەرۆكایەتییەكەی باجە گومرگییەكان, یان هەڕەشەی سەپاندنی ئەو باجانەی بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی جیهان. نوێنەری بازرگانی ئەمریكاش دەڵێت ئەو وڵاتانەی رێككەوتنی بازرگانیان هەیە لەگەڵ واشنتن پێویستە پابەند بن پێیەوە تەنانەت ئەگەر رێژەكان لە رێككەوتنەكاندا بەرزتر لە باجە گومرگییە نوێیەكان .