سەعاتی سفر نزیک دەبێتەوە؛ نەخشەی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ "جەنگی گەورە" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
راهۆز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٦
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گەورەترین و خێراترین کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکایە لە دوای جەنگی عیراقەوە. بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز و ئەکسیۆس، واشنتن چیتر تەنیا پەیامی هۆشداری نانێرێت، بەڵکو لەسەر زەوی هەموو کەرەستەکانی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە.
1. گەمارۆی دەریایی و "ئارمادای ئەتۆمی"
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی شوێنکەوتنی کەشتییە جەنگییەکان، ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی لە دەوروبەری ئێران جێگیر کردووە:
- USS Abraham Lincoln: ئێستا لە دەریای عوممان جێگیرە و ئامادەی هێرشی کتوپڕە.
- USS Gerald Ford: پێشکەوتووترین کەشتیی ئەتۆمیی جیهانە، لە رێگەی گەرووی جەبەل تاریقەوە بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هاتووە و لە چەند سەعاتی داهاتوودا لە باشووری قوبرس جێگیر دەبێت.
- لەگەڵ ئەم دوو کەشتییەدا، 11 تێکشکێنەری جۆری تۆماهۆک و لانی کەم دوو ژێر دەریایی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا ئامادەن کە توانای بڕینی هەموو سیستمە بەرگرییەکانی ئێرانیان هەیە.
2. "پردی ئاسمانی" و هێزی لێدانی دوورمەودا:
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا بنکەکانی خۆی لە قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا و ئوردن بە تەواوی پڕ کردووە لە فڕۆکەی جەنگی:
- زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی (F-35, F-22, F-15) و بۆمبهاوێژی ستراتیژیی (B-2) خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
- ئەو خاڵەی کە شارەزایانی سەربازیی نیگەران کردووە، ڕەوانەکردنی ١٥ فڕۆکەی تانکەری سووتەمەنی (KC-135) یە بۆ ناوچەکە. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەمریکا پلانی بۆ هێرشێکی کاتی نییە، بەڵکو دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ ئاسمانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات.
3. قەڵغانی بەرگری؛ پاراستنی ئیسرائیل و بنکەکان:
ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا سیستمی بەرگریی (THAAD) و پاترییەکانی پاتریۆتی لە چەندین شوێن جێگیر کردووە:
- لە ناوخۆی ئیسرائیل: بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، پاترییەکانی "قوبەی ئاسنین" لە سنووری غەززەوە گواستراونەتەوە بۆ باکوور و رۆژهەڵات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران.
- لە بنکەکانی ناوچەکە: فڕۆکە گواستنەوەکانی (C-17) بەردەوام کەرەستەی بەرگریی ئاسمانی دەگەیەننە بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و کەنداو.
4. فەرماندەیی فڕیو (E-3 Sentry)
ئەمریکا شەش فڕۆکەی سیخوڕی و کۆنتڕۆڵی (E-3 Sentry) ی هێناوەتە ناوچەکە. ئەم فڕۆکانە وەک "ژووری ئۆپراسیۆنی گەڕۆک" کار دەکەن و دەتوانن تەواوی جووڵەکانی ئێران لەسەر زەوی و ئاسمان چاودێری بکەن و ئاراستەی هێرشەکان بکەن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بۆ رۆیتەرز جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ئامادەکارییانە تەنیا بۆ "ترساندن" نین، بەڵکو واشنتن خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە کردووە. داواکاری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی لە هاووڵاتیانیان بۆ جێهێشتنی دەستبەجێی ئێران، دوایین پارچەی ئەم تابلۆیە و نیشانەی ئەوەیە کە کاتژمێری سفر زۆر نێزیک بووەتەوە.
بەڵام ئێستا و لە پاش ئەوەی نەخشەی ئامادەیی سوپای ئەمریکامان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوردی نیشاندا، بزانین ئێران، وەک جەمسەرێکی سەرەکی ململانێکە چی پێدەکرێت و دەتوانێت چیبکات؟
1. مانۆڕی "کۆنتڕۆڵی ژیرانە"؛ هەڕەشەی داخستنی هورمز
لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوانی لە تەنگەی هورمز دەست پێکردووە. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران رایانگەیاندووە کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە" و دەتوانن لە کەمترین ماوەدا تەنگەی هورمز، کە %20ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بە تەواوی دابخەن. عەقید محەمەد ئەکبەر زادە، بەرپرسی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆشداری داوە کە هەموو کەشتییە بیانییەکان لەژێر چاودێریی وردی ئەواندان و لە دەستی هێزی بەرگریی ئێراندان.
٢. "چەکی کوشندەتر لە کەشتیی جەنگی"
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە نوێترین پەیامیدا وەک وەڵامێک بۆ کۆکردنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "کەشتیی جەنگی بێگومان چەکێکی مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لەوە، ئەو چەکەیە کە دەتوانێت ئەو کەشتییە ڕەوانەی بنی دەریا بکات". ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ مووشەکە بالیستییە دژە-کەشتییەکان و ژێر دەریاییە بچووکە خۆکوژەکانی ئێران لێک دەدرێتەوە.
٣. ئامادەکاریی مەیدانی و "بێهێزکردنی لێدانەکان"
بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان کە رۆیتەرز بڵاوی کردوونەتەوە، ئێران دەستی کردووە بە توندکردنی بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی:
- قەڵغانی کۆنکرێتی: لە بنکەی "تاڵەقان 2" و بنکە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان، ئێران قەڵغانی کۆنکرێتی و تۆنێلی نوێی دروست کردووە بۆ ئەوەی زیانەکانی هەر هێرشێکی ئاسمانی کەم بکاتەوە.
- گۆڕهەڵکەندن بۆ ئەمریکییەکان: میدیا فەرمییەکانی ئێران وێنەی گۆڕهەڵکەندنی بەکۆمەڵیان لە گۆڕستانی "بەهەشت زەهرا" لە تاران بڵاوکردووەتەوە، وەک پەیامێکی دەروونی کە دەڵێن "ئامادەین بۆ ناشتنی سەربازە ئەمریکییەکان".
لە ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکادا، ئێران چۆن وەڵامدەداتەوە؟
شارەزایانی سەربازی بۆ تایمز ئۆف ئیندیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لەم جەنگەدا چەند کارتێکی بەهێزی لەدەستدایە:
1. بارانی مووشەکی: ئێران خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکییە لە ناوچەکەدا (زیاتر لە 3000 مووشەکی بالیستی). دەتوانێت بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر، بەحرەین، کوێت و ئیمارات بکاتە ئامانج.
2. جەنگی بریکارەکان: چالاککردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
3. جەنگی درۆنەکان: بەکارهێنانی سەدان درۆنی خۆکوژ (وەک شاهید-136) کە سیستمە بەرگرییەکان ماندوو دەکەن و تێچووی جەنگەکە بۆ ئەمریکا زۆر گران دەکەن.
پوختەی دۆخەکە:
لە کاتێکدا واشنتن و تاران لە جنێف خەریکی گفتوگۆی ئەتۆمین، بەڵام زمانە سەربازییەکەیان ئاماژە بە "جەنگ" دەکات نەک "ئاشتی". ئێران دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هەر هێرشێک بۆ سەری، تێچوویەکی ئابووری و مرۆیی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمریکا نەتوانێت بەرگەی بگرێت.
لێرەدا لیستی ئەو بنکە سەرەکییانەی ئەمریکا دەخەینە ڕوو کە رێک لە ژێر مەودای مووشەکە جیاوازەکانی ئێراندان:
1. بنکەکانی کەنداوی عەرەبی (مەودای نزیک و مامناوەند)
ئەم بنکانە نێزیکترینن و لە ژێر مەترسیی موشەکەکانی جۆری فاتح-110 ودێزفولدان:
- بنکەی عەید ئەلعەدید (قەتەر): گەورەترین بنکەی ئاسمانیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و بارەگای فەرماندەیی ناوەندییە (CENTCOM).
- بنکەی ئەحمەد ئەلجابر و عەلی ئەلسالم (کوێت): دوو بنکەی سەرەکین کە هێزە وشکانی و ئاسمانییەکانی ئەمریکایان تێدایە.
- بنکەی ئەلزەفرە (ئیمارات): بنکەیەکی ستراتیژییە بۆ فڕۆکە سیخوڕی و جەنگییەکانی ئەمریکا.
- بنکەی پاڵپشتی دەریایی (بەحرەین): بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکایە.
٢. بنکەکانی ناو عێراق و سوریا:
ئەم بنکانە بەردەوام لە ژێر چاودێریی موشەکە کورت مەوداکان و درۆنە خۆکوژەکانی ئێراندان:
- بنکەی عەین ئەلئەسەد (ئەنبار): کە پێشتر لە ساڵی 2020دا کرا بە ئامانج.
- بنکەی هەریر (هەولێر): یەکێکە لە بنکە گرنگەکان بۆ ئۆپراسیۆنەکانی عیراق و سوریا.
٣. ئیسرائیل و بنکە دوورەکان (مەودای دوور)
بۆ لێدانی ئەم شوێنانە، ئێران موشەکی جۆری سەجیل خەیبەر شیکەن وخۆڕەمشار) بەکاردەهێنێت کە مەودایان دەگاتە 2000 کیلۆمەتر:
- هەموو خاکی ئیسرائیل: موشەکە نوێیەکانی ئێران (وەک فەتاح-1 و فەتاح-2) کە دەوترێت خێرایییان لە دەنگ زیاترە، دەتوانن لە ماوەی کەمتر لە 7 خولەکدا بگەنە تەل ئەبیب.
- بنکەی مۆفەق ئەلسەڵتی (ئوردن): کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لێ جێگیرە.
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە، سیستمەکانی (THAAD) و (Patriot)یان لەم بنکانەدا چڕ کردووەتەوە. هەروەها بنکەی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی تاکە بنکەیە کە لە دەرەوەی مەودای موشەکەکانی ئێراندایە و ئەمریکا وەک "کارتێکی یەدەگ" بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دای ناوە.




