لە ئێستادا رۆژی ڤالانتاین بۆنەیەکی تایبەتە بە خۆشەویستی و ئاشقەکان لەمڕۆدا گوڵی سوور و شیرینی و دیاریی هەمەچەشن پێشکەش بە یەکتر دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم بۆنەیە رابردوویەکی خوێناوی و تاریکی هەبووە هەتا گەیشتووە بەمەی ئێستای.

سەرەڕای ئەوەی لێکدانەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی بنچینەی رۆژی ڤالانتاین جیاوازن، بەڵام هەموویان لەوەدا کۆکن کە شوێنی پەیدابوونی بۆنەکە رۆمای کۆنە، هەروەها زۆرێک لە توێژەران بۆنەکە دەگەڕێننەوە بۆ پێش هاتنی ئایینی مەسیحیەت، کە لە رۆمادا لە رۆژی 13 بۆ 15ـی شوباتی هەموو ساڵێکدا جەژنی "لوپێرکالیا" بەڕێوەدەچوو، کە تیایدا پیاوان بزن و سەگیان دەکرد بە قوربانی و دواتر کەوڵ دەکران و هەر بە کەوڵی سەگ و بزنەکە ژنانیان قامچیکاری دەکرد، لەوبارەیەوە "نۆیڵ لێنسکی"ی پرۆفیسۆر لە زانکۆی "یالی" ئەمریکا و شارەزا لە ئایینە دێرینەکان رایگەیاندووە، لە رابردوودا بەشداربووان بەبێ جل و بە سەرخۆشییەوە بەشدارییان دەکرد، ژنان ریزیان دەبەست بۆ ئەوەی پیاوەکان بە کەوڵی ئاژەڵەکە لێیان بدەن، ئەمەش وەک سرووتێکی ئایینی وابووە لە کۆندا و مەبەست لێی بەدەستهێنانی پیت و بەرەکەت بووە.

چالاکییەکی تری نێو ئەم بۆنەیە لە رۆمای کۆندا بریتی بوو لە نووسینی ناوی کچان و ژنانی بەشداربوو و هەڵبژاردنیان لەلایەن پیاوانەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکیانە، پاشان ژن و پیاوەکە بۆ ماوەی جەژنەکە پێکەوە دەبوون، یاخود ئەگەر بەیەکەوە گونجاوبوونایە ئەوا بۆ تەواوی ژیانیان پێکەوە دەمانەوە.

زۆربەی مێژوونووس و توێژەرانی بواری ئایین و سرووتە دێرینەکان بڕوایان وایە کە رۆمانەکان پاش هاتنی ئایینی مەسیحیەتیش بە تەواوی دەستبەرداری نەریتە کۆنەکانین نەبوون، یەکێک لەوانەش ئەم بۆنەیە بوو، بەڵام بە جۆرێکی جیاوازتر یاد دەکرایەوە و لە جەژنێکی ئایینی داماڵرا.

دەستنیشانکردنی ناوی ڤالانتاینیش بۆ رۆژی 14ـی شوبات، دەگەڕێتەوە بۆ روداوی لەسێدارەدانی قەدیسێک، ئیمپراتۆر کلاودیۆسی دووهەم (214-270 ز) لە رۆژی 14ـی شوباتدا دوو کەسی بە هەمان ناوی (ڤالانتین) لە هەمان رۆژی دوو ساڵی جیاوازدا لەسێدارە داوە، کە دواتر ئەم رۆژە لەلایەن کڵێسای کاتۆلیکییەوە بۆ رێزلێنان لەو دوو کەسە دەستنیشانکرا، کە بەپێی هەندێک لە گێڕانەوەکان، یەکێک لەم ڤالانتینانە قەدیسێک بووە کە لە کاتی خۆیدا بە نهێنی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ کچان و کوڕان ئەنجامداوە کە لەو کاتەدا بەهۆی بڕیارێکی ئیمپراتۆر کڵاودیۆسی دووهەم، ژنهێنان لە سەربازەکان قەدەغە کرابوو، چونکە بڕوای وابووە ئەگەر سەربازەکانی ژنیان هەبێت، ئەوا ناتوانن بەپێی پێویست بجەنگن، هەربۆیە دوای ئەوەی قەدیس ڤالانتین لەو کارەی ئاشکرا دەبێت، لەلایەن ئیمپراتۆرەوە لەسێدارە دەدرێت، بەڵام هەندێک توێژەر دەڵێن کە راستە ڤالانتین قەدیس بووە، بەڵام ئەوەی لەبارەیەوە باس دەکرێت تەنیا گێڕانەوەیەکە و لە مێژوودا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دواتر لە سەدەی پێنجەمدا پاپا گیلاسیوسی یەکەم بۆ ئەوەی سیمای بتپەرستی لە رۆژی 14ـی شوبات نەهێڵێت و جەژنە دێرینەکەی رۆمانەکان کاڵبکاتەوە، هات هەردوو رۆژی کوشتنی قەدیس ڤالانتین و جەژنی "لوپێرکالیا"ی تێکەڵ بەیەک کرد، لەمەشەوە رێوڕەسمەکانی نێو جەژنە رۆمانییەکە تەنیا وەک چالاکییەکی شانۆگەری مانەوە، بەڵام بە شێواز و نەریتی مەسیحیانە بەسەریدا زاڵ بوو، هاوکات رۆژی 14ـی شوباتیش ناوی ڤالانتینی لێ نرا و بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ جەژنە رۆمانییە دێرینەکەدا، ئەشق و خۆشەویستیش دزەی کردووەتە نێو ئەو رۆژەوە.